رووداو دیجیتاڵ
جیانلۆکا پرێستیانی یاریزانی یانەی بێنفیکا، جارێکی دیکە رەتیکردووەتەوە رەگەزپەرستیی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید کردبێت و دەڵێ تەنیا پێمگوت "رەگەزپەرستی ترسنۆک".
مشتومڕی نێوان پرێستیانی و ڤینیسیۆس لە یاریی نێوان بێنفیکا و ریال مەدرید لە پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ سەریهەڵدا، پاشئەوەی ڤینیسیۆس ئەو یاریزانەی بە رەگەزپەرستی تۆمەتبارکرد، کاتێک دەمی شاردەوە و قسەی بە ڤینی گوت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) پێشتر بەشێوەیەکی کاتی، پرێستیانی لە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ریال مەدرید بێبەشکرد، لە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەکان لەبارەی رووداوەکە.
پرێستیانی لە نوێترین هەڵوێستدا کە لە ئینستاگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوە، جارێکی دیکە رەتیدەکاتەوە رەگەزپەرستیی بەرامبەر ڤینی کردبێت و دەڵێ، "ئەوم بە مەیموون ناونەبرد". هەروەها دەڵێ، بەداخەوە ئەو بەهەڵە تیگەیشت و لێکدانەوەکانی بۆ مانای قسەکانی من، هەڵە بوون.
لاوە ئەرجەنتینییەکە هەروەها دەڵێ، "ئەوەی زۆر ئازاری دام، تۆمەتبارکردنم بوو بە شتێک کە نەمکردووە، ئەوە زۆر ئازاربەخش بوو. من زۆر ئارامم و هەموو ئەوانەی دەمناسن، دەزانن من کەسایەتییم چۆنە".
پرێستیانی هەروەها دەڵێ، "بەبێ بەڵگە سزایاندام، ئێستا بابەتەکە کۆتایی هاتووە، من ئەوکات بیرم لە دایک و باوک و باپیرە و داپیرەم دەکردەوە، لە کاتێکدا ئەوان زۆر شتی ناڕاستیان لەسەر من دەبیست".
یاریزانەکەی بێنفیکا زیاتر دەڵێ، "قسەکانم لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ کرا و خرانە دەرەوەی مانای راستەقینەی خۆیان. بۆ ئێمەی ئەرجەنتینی زۆر سرووشتییە بەکەسێک بڵێین ترسنۆک یان هاوڕەگەزخواز، ئەوە سووکایەتی پێکردنێکی سرووشتیی و ئاساییە، کەچی ئێستا لەسەر ئەو قسانە، من بە رەگەزپەرستی تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا من هەرگیز وانەبووم و هەرگیز وانابم".
پرێستیانی دووپاتیکردووەتەوە کە چەندین هاوڕێی لە تیپەکەدا هەن کە هەمان رەنگی پێستی ڤینییان هەیە و هەرگیز کێشەم لەگەڵیان نەبووە.
لەماوەی رابردوودا، یوفا چەند سزایەکی بەسەر بێنفیکادا سەپاند، بەڵام تاوەکو ئێستا سزای کەسیی سەر پرێستیانی رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ