سێ گورزی کوشندە بەر بارسێلۆنا کەوتن

دوێنێ کاژێر 03:12
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا هەفتەی فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێدەچێت یانەی بارسێلۆنا زەرەرمەندی یەکەم بێت لە هەفتەی فیفای ئەم دواییە، چونکە سێ زیانی گەورەی بەرکەوتووە کە دەکرێت بە سێ کارەسات ناویان ببەیت.
 
ماوەی پشووی نێودەوڵەتی هیچ بەزەیی بە بارسێلۆنادا نەهاتەوە، کە لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی ئەم وەرزەدا چەند گورزێکی کاریگەری بەرکەوت.
 
تیپەکە خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کێبڕکێ نێوخۆیی و کیشوەرییەکان ئامادە دەکات، کە بڕیارە لە خولی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببێتەوە، پێش ئەوەی دووبارە لە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا چاویان پێ بکەوێتەوە.
 
بارسێلۆنا بەجیاوازی ٤ خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەرییەتی لە پێشەنگی خولی ئیسپانیا، بەڵام پێشتر لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید ماڵئاوایی کردووە.
 
لە کاتی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا، 3 قەیرانی بەهێز روویان لە هێڵی هێرشبەری یانە کەتەلۆنییەکە کردووە، جگە لەو ماندوێتییە زۆرەی کە تووشی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان بووە:
 
رووداوەکەی لامین یامال 
 
یارییەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر میسر شایەتی دروشمی رەگەزپەرستانە بوو دژی موسڵمانان؛ ئەمەش تووڕەیی ئەستێرە لاوەکە لامین یامالی لێکەوتەوە، کە دوای یارییەکە رەتیکردەوە سڵاو لە هاندەران بکات و پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بێزاری تووندی خۆی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە وەک موسڵمانێک زۆر کاریگەر بووە بەو دروشمانە.
 
پێکانەکەی رافینیا 
 
رافینیای ئەستێرەی بەرازیلی لە کاتی یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فەرەنسا تووشی پێکان بوو، دواتر ئەوە یەکلایی بووەوەکە بۆ ماوەی مانگ و نیوێک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە. ئەمە گورزێکی کوشندەیە بۆ هێڵی هێرشبەری تیپەکە بەهۆی ئەو رۆڵە سەرەکییەی کە لە پێکهاتەی راهێنەر هانزی فلیکدا دەیگێڕا.
 
شکستەکەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی
 
رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی گورزێکی دەروونی تووندی بەرکەوت دوای ئەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نەیتوانی بگاتە مۆندیالی 2026، ئەمەش دوای شکستیان بەرامبەر سوێد بەئەنجمای 3-2لە پاشکۆی ئەورووپا. 
 
لێڤاندۆڤسکی دوای بەشدارییکردنی تەواوەتی لە دوو یاریی نێودەوڵەتیدا (180خولەک) دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا، لە کاتێکدا هەم تووشی ماندوێتی بووە و هەم باری دەروونی بەهۆی ماڵئاواییکردنەکەوە تێکچووە؛ ئەمەش دۆخی هێرشبەری تیپەکە لە یارییە گرنگەکانی داهاتوودا ئاڵۆزتر دەکات.
 
ئەگەر هەیە  ئەم سێ گورزە کاریگەری نێگەتیڤانەیان بەسەر ئاستی یانە کەتەلۆنییەکەوە هەبێت لەم قۆناخە یەکلاکەروەیەدا، کە لە لالیگادا مەترسی خاڵ لەدەستدانی لەسەرە، لەکاتێکدا ریال مەدریدی رکابەری چاوەڕێ دەرفەتێک دەکات بۆ لێسەندنەوەی پێشەنگی خولەکە. لە چامپیۆنزلیگیشدا یارییەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و لەوانەیە هەر شکستێک قەرەبوو نەکرێتەوە و وەرزەکەی لەو پاڵەوانێتییە گەورەیەدا کۆتایی پێبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە