رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو جیهان بینەری کلاسیکۆییەکی دیکە دەبێت، کاتێک هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە سەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، یارییەکە یاریی چوونە و یاریی گەڕانەوەش لە 5ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی کامپ نو لە بارسێلۆنا ئەنجامدەدرێت.
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە کاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بارودۆخیان زۆرباش نییە، ریال مەدرید ئەنجامەکانی باشن و ئاستی جێگەی دڵنیایی نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دوو خاڵی لەدەستدا، بەڵام ئەمیان لە چامپیۆنزلیگدا ماوە و بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر لیڤەرپوول بەدەستهێناوە.
بارسێلۆنا پێچەوانەی ریال مەدریدە، پێشەنگی لالیگایە، لە دوایین یارییدا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەرامبەر یانەی ئەلمێریا دۆڕا، بەڵام لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەوروپیدا نەماوە، دوای ئەوەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دۆڕا و لە یۆرۆپالیگ کرایە دەرەوە، ئێستا یانەکە تەنیا لالیگا و جامی شای ماوە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەیان بکەن، بەڵام ریال مەدرید، چامپیۆنزلیگ، لالیگا و جامی شای ماوە و پێشتریش جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە.
بۆ ئەم یارییە گرنگەی ئەمشەو، یانەی بارسێلۆنا لە تواناکانی هەریەکە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، پێدری و عوسمان دێمبێلی بێبەش دەبێت، کە بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری لە یارییەکەدا بکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپی لەسەر پلانەکانی چاڤی دەبێت، بەتایبەتیش لە هێڵی پێشەوەدا، بەڵام رۆژێک بەر لە یارییەکە یانەکە ئامادەیی ئانسو فاتیی بۆ یارییەکە راگەیاند و ناوی لە نێو لیستی تیپەکەدایە بۆ کلاسیکۆی ئەمشەو.
لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید دەیڤد ئالابا و فێرلان مێندی پێکانیان هەیە و ناتوانن پلانەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ یارییەکە تەواوبکەن.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا و پێکهاتەی پێشبینیکراو بۆ هەردوو یانە، کارلۆ ئەنچێلۆتی و چاڤی بە پێکهاتەی 4-3-3 رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
دوایینجار کە بارسێلۆنا لە جامی شای ئیسپانیا لە بێرنابیۆ دۆڕابێت، لە وەرزی 1969-1970 بووە، دوای ئەو وەرزە بارسێلۆنا 5 یاریی دیکەی لە پاڵەوانێتییەکەدا لەو یاریگەیە ئەنجامدا و هیچ یارییەکی نەدۆڕاند.
ئەمە دووەمجارە هەردوو یانە لە ماوەی 35 رۆژدا 3 جار لە کلاسیکۆدا رووبەڕووی یەکببنەوە، پێشتر لە 2019 هەردوو یانە لە جامی شادا دوو یارییان بەرامبەر یەکدی کرد و یارییەکی خولی ئیسپانیاش رووبەڕووی یەکبوونەوە، بارسێلۆنا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شا و یاریی خولیشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
هەردوو یانە مەدریدی و کەتەلۆنییەکە لە جامی شای ئیسپانیادا، 36 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسێلۆنا 16 یاریی بردووەتەوە، ریال مەدرید 12 یاری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 8 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
دوایین کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە لە 15ـی 1ـی ئەمساڵ بوو، لە جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە و بارسێلۆنا بە 3-1 یارییەکەی بردەوە و جامی سوپەر بووە یەکەم نازناوی چاڤی لەگەڵ بارسا.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ