کێشەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات و ئێمباپێ بڕیار دەدات

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدرید بڕیارێکی گرنگ دەدات و ئەگەری هەیە ببێتە سەرەتای دروستبوونی کێشە لەگەڵ دەستەی هونەری و پزیشکی یانەی ریال مەدرید.
 
ئێمباپێ بەهۆی ئەوەی هیچ پشوویەکی وەرنەگرتووە و لەسەریەک یارییکردووە، بەو هۆیەوە یاریزانەکە لەرووی ئاستەوە پاشەکشەی کردووە و لە بەستەری دەرەوەی ئەژنۆی چەپیدا تووشی پێکانبوو.
 
بەپێی رۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی، ئیمباپێ بڕیاریداوە بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە یاریکردن بۆ ریال مەدرید بوەستێت، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی دابنێت. ئەم بڕیارە ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری خستووەتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە، بەتایبەت دوای ئەو لێدوانە دژبەیەکانەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی یاریزانەکە دابووی.
 
"کێشەی ئیمباپێ" ناراستگۆیی ئەربێلوای دەرخستووە، کە بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا دوو جار سەبارەت بە ئامادەیی هێرشبەرەکە درۆی کردووە؛ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئیمباپێ دەتوانێت یاری بکات، بەڵام دواتر یان لە لیستەکە دووری دەخستەوە یان لەسەر کورسی یەدەگ دەیهێشتەوە لە ترسی خراپتربوونی پێکانی ئەستێرە فەرەنسییەکە، دواجاریش یاریزانەکە کەوتەوە ناو داوی پێکانێک کە بۆ ماوەیەکی درێژ دووری دەخاتەوە تاوەکو بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
 
ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بەرامبەر خێتافی شێوازی قسەکردنی بە تەواوی گۆڕی؛ لە نکۆڵیکردن لە مەترسی پێکانەکە بۆ داننان بەوەی کە یانەکە ئاگاداری ئازارەکانی یاریزانەکەیە. 
 
ئەربێلوا گوتی: "دەمانەوێت ئێمباپێ بە رێژەی 100٪ بگەڕێتەوە و هەرکاتێک ئامادە بوو دەگەڕێتەوە. ئێمە بە تەواوی دەزانین چی بەسەر هاتووە و ئێستا دەمانەوێت بە تەواوی چاکببێتەوە. رۆژ بە رۆژ چاودێریی دۆخەکەی دەکەین و هەموو شتێک بەندە بە هەستی خۆیەوە."
 
ئێمباپێ هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ریال مەدرید گرتووەتە بەر و بڕیاری داوە تەنیا خۆی بەرپرس بێت لە دیاریکردنی خشتەی چاکبوونەوە و کاتی گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر پابەندی رێنماییەکانی تیمی پزیشکی بوو بە سەرۆکایەتی "نیکۆ میهیچ" و پەستانی دەخستە سەر خۆی بۆ هاوکارییکردنی تیپەکە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی و زیادبوونی ئازارەکانی، بەتایبەت کە لە چەندین یاری دژ بە مۆناکۆ، لیڤانتی، ڤیاڕیال، بێنفیکا، رایۆ ڤاییکانۆ، ڤالنسیا و ئۆساسۆنا 90 خولەک یاریی پێکرابوو، راهێنەریش تەنیا لە یاری ریال سۆسیداد لە 14ی شوباتدا پشووی پێدابوو.
 
ئێستا ئەستێرە فەرەنسییەکە هەموو ئامانجی ئەوەیە بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان، هەرچەند راهێنەری یانەکە دەیەوێت ئەو بەر لە یاریی چوون بگەڕێتەوە، بەڵام ئێمباپێ ئێستا تەندروستی خۆی خستووەتە پێش هەموو شتێک، لەکاتێکدا پێشتر سێ مانگ ئەژنۆی لەژێر گوشارێکی زۆردا بوو.
 
کاتێکیش پسیار لە ئەربێلوا کرا بۆچی ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر بێنفیکا ئامادە نەبوو سەرەڕای ئەوەی گوتبووی ئامادەیە، ئەربێلوا بە کورتی و ناڕوونی گوتی: "ئێمباپێ ئامادە نەبوو، چونکە مۆڵەتی لە راهێنەرەکەی وەرگرتبوو." رۆژنامەکە ئەم وەڵامەی وەک نیشانەی شکستی راهێنەر لە بەڕێوەبردنی تەنگژەی جەستەیی یاریزانەکە ناوبردووە.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئێمباپێ بۆ یارییەکانی مانگی ئازاری هەڵبژاردەی فەرەنسا بانگهێشت بکرێت بۆ گەشتەکەی ئەمریکا بەهۆی کاروباری ریکلامەوە، ئەمەش ریال مەدریدی نیگەران کردووە، بەڵام قسەی کۆتایی لای یاریزانەکەیە و دەبێت یانەکە و راهێنەر رێز لە بڕیارەکەی بگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە