رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی تیپی مەلەوانیی ئیتاڵیا بەتۆمەتی دزینی بۆنێک خرانە بەندیخانەوە.
رووداوەکە پەیوەست بوو بەهەردوو کچە مەلەوانی ئیتاڵی بینیدیتا بیلاتۆ و کیارا تارانتینۆ لە سەنگاپورە، پاش تۆمەتبارکردنیان بەدزینی بۆنێک لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە.
فیدراسیۆنی مەلەوانیی ئیتاڵیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە، رایگەیاند رووداوەکە لە فڕۆکەخانەی شانگی لە سەنگاپوورە روویداوە و ناویناوە "سکانداڵێکی چاوەڕوان نەکراو".
بیندیتا تەمەنی 20 ساڵانە، یەکێکە لە ئەستێرە تازە دەرکەوتووەکانی جیهانی مەلەوانی، براوەی میدالیای زێڕی پێشبڕکێی 100 مەتری بۆدابێستە لە ساڵی 2022 کاتێک تەمەنی 17 ساڵان بوو، هاوکات پلەی چوارەمی لە ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 بەدەستهێنا و میدالیای برۆنزی لە پاڵەوانێتیی مەلەی جیهان لە سەنگاپوورە بەدەستهێناوە.
بیلاتۆ لەگەڵ کیارای هاوپیشەیدا لە پشوویەک لە دوورگەی بالیی ئیندۆنیزیا دەگەڕانەوە کاتێک رووداوەکە روویدا و پۆلیسی فڕۆکەخانەکە ئەوانی دەستگیرکرد، پاش تەماشاکردنەوەی کامێراکانی چاودێری.
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، گرتەی ڤیدیۆیی فڕۆکەخانەکە دەریدەخات، کیارا شووشەیەک بۆنی یەکێک لە فرۆشگەکانی فڕۆکەخانەکە بەدزییەوە دەخاتە نێو جانتای بینیدیتاوە و هەر ئەوەش وایکرد بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە هەردووکیان دەستگیر بکەن.
هەردوو مەلەوانەکە بەدەستبەستراوی براونەتە گرتووخانەیەکی وڵاتەکە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە سەنگاپوورە، دەستی خستووەتە نێو رووداوەکەوە و نەیهێشتووە گەورەتر ببێت و ئەو دوو مەلەوانە رووبەڕووی سزای تووندی وڵاتەکە ببنەوە، کە سێ ساڵ بەندکردن سزای بۆ ئەو جۆرە کارانە داناوە.
دوو مەلەوانەکە رووبەڕووی هۆشداری پێدانی فەرمی بوونەتەوە، بەڵام تاوانی دزیکردنیان ئاراستە نەکراوە و رۆژی 20ی مانگی هەشت گەڕانەتەوە ئیتاڵیا.
فیدراسیۆنی مەلەوانیی ئیتاڵیا سەرکۆنەی رووداوەکەی کردووە، دەڵێ "کارەکە بێئومێدی کردین، دڵتەنگین بەوەی روویداوە، بەڵام ئەوە وێنەی جوانی وەرزشەکەمان ناشێوێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ