بارسێلۆنا دیارییەکەی ریال مەدرید وەردەگرێت و لە یەکلاکردنەوەی لالیگا نزیک دەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا نازناوی لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا هەنگاوێکی گەورە لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانی نزیکبووەوە، دوای ئەوەی لە گەڕی 33ـی خولەکەدا، بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوتنێکی گرنگی لە نێو یاریگای خیتافی بەدەستهێنا.
بارسێلۆنا لە رێگەی فێرمین لۆپێزەوە لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی گێمی یەکەمدا گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دوای ئەوەی پاسێکی سیحراوی لە لایەن پێدرییەوە لە نزیک ناوەڕاستی یاریگاوە پێگەیشت، بەوەش بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی خیتافی مایەوە و تۆپەکەی بە جوانی خستە نێو تۆڕی گۆڵەوە.
 
دواتر لۆپێز بە شێوازی لامین یامالی هاوڕێی ئاهەنگی گێڕا، وەک پاڵپشتییەک بۆی لەبەر ئەو پێکانەی لەم دواییانەدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ تووشی بوو، کە بووە هۆی کۆتاییهاتنی وەرزەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە.
لە گێمی دووەمدا، مارکۆس راشفۆرد توانی لە خولەکی 47ـدا گۆڵی دووەم تۆمار بکات و یارییەکە یەکلا بکاتەوە، دوای ئەوەی پاسێکی نایابی لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە پێگەیشت، ئەویش بە هەمان شێوە بە تەنیا رووبەڕووی گۆڵپارێزی خیتافی بووەوە و بە سەرکەوتوویی گۆڵی تۆمارکرد.
بەو ئەنجامە بارسێلۆنا پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزتر کرد و کۆی خاڵەکانی بۆ 85 خاڵ بەرزکردەوە، بە جیاوازی 11 خاڵ لە پێش ریال مەدرید، ئەمەش دوای ئەوەی سوودی لە یەکسانبوونی رکابەرەکەی وەرگرت کە دوێنێ بەرامبەر ریال بێتیس یەکسان بوو.
 
ئێستا بارسێلۆنا زۆر نزیکە لە پاراستنی نازناوەکەی، لە کاتێکدا تەنیا 5 گەڕ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی خولەکە.  ئاهەنگی بردنەوەی نازناوەکە تاموچێژێکی تایبەتی دەبێت بۆ یانە کەتەلۆنییەکە ئەگەر لە یاری کلاسیکۆی مانگی داهاتوو بەرامبەر ریال مەدرید نازناوەکە یەکلایی بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە