رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، باس لە نهێنییەکانی مانەوەی لە لوتکەی تۆپی پێ لە تەمەنی 37 ساڵیدا دەکات و رایدەگەیێنێت هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتوو و مانەوەی لە یانە کەتەلۆنییەکە نەداوە.
لیڤاندۆڤسکی ئێستا لە 16ـەمین وەرزی خۆی لە خولە گەورەکانی ئەورووپا یاریی دەکات، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆند، بایرن میونشن و بارسێلۆنا کاروانێکی سەرکەوتووانەی بەڕێکرد.
لیڤا دەڵێت: "هەمیشە دەمویست بۆ هەمووانی بسەلمێنم من ئەو یاریزانەم کە دەتوانم کاریگەرییم لەسەر هەر یارییەک هەبێت، هەمیشە بڕوام بە خۆم هەبووە".
سەبارەت بە نهێنی مانەوەی جەستەی بە بەهێزی، لیڤاندۆڤسکی گوتی " لە تەمەنی 21 بۆ 22 ساڵییەوە بیرکردنەوەی لە داهاتووی دەستیپێکردووە. دەمزانی ئەگەر گرنگی بە سیستمی خۆراک و ژیانی تەندروست بدەم، دەتوانم دوو، سێ یان چوار ساڵ زیاتر لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکەم". ئەو هێرشبەرە باسی لەوە کرد ماددەی گلوتین و لاکتۆزی لە ژەمەکانی دەرهێناوە، چونکە پێشتر هەستی بە تەمبەڵی دەکرد و نەدەبووە خاوەنی ئەو وزەیەی راهێنەر داوای دەکرد.
رۆڵی ئانای هاوژینی، کە پاڵەوانی پێشووی کاراتێ و پسپۆڕی خۆراکە، لە ژیانی وەرزشی لیڤاندۆڤسکی رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە. لیڤا دەڵێت: "ئەو یەکەمین دەروونناسی منە، دوای یاری باش یان خراپ یەکەم کەسە قسەی لەگەڵ دەکەم. رەنگە بەبێ هاوکاری ئەو نەمتوانیبایە بگەمە ئەم ئاستە".
یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان، کەمیی پێکانەکانیەتی. رۆبێرت لەماوەی 15 وەرزی رابردوو، تووشی هیچ پێکانێکی مەترسیدار نەبووە.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا لە دوو یانەی جیاواز راهێنەری لیڤاندۆڤسکی بووە و دەڵێت: "نازانم چی لە ناو DNAی ئەودایە، بەڵام ئەو لە ماوەی سێ هەفتەدا لە پێکانێک چاک دەبێتەوە کە پێویستی بە پێنج هەفتە هەیە".
سەبارەت بە داهاتووی لە بارسێلۆنا، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و سعودییەکان داوای دەکەن، لیڤاندۆڤسکی هێشتا بڕیاری نەداوە و دەڵێت: "پێویستە هەستی پێبکەم ئینجا بڕیار بدەم. ئێستا ناتوانم هیچ بڵێم، چونکە تەنانەت 50%ـیش دڵنیا نیم چ رێگەیەک هەڵدەبژێرم". ئەگەرچی باس لە دەستەوارەی خولی ئەمریکی و سعودی دەکرێت، بەڵام لیڤا جەخت لەوە دەکاتەوە هیچ گوشارێک ناخاتە سەر خۆی و رەنگە سێ مانگی دیکە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە بدات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 33 یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە، 14 گۆڵ و 3 ئاسیستی کردووە و 1679 خولەک یارییکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ