رووداو دیجیتاڵ
هەڕەشە لە سێدارەدان لە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران دەکرێت و راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "دەمەوێت بگەڕێمەوە وڵاتەکەم."
هەڵبژاردەی خانمانی ئێران لە ئوسترالیا بەشدارییان لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیادا کرد، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک بەرامبەر کۆریای باشوور، ئوسترالیا و فیلیپین بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێک کۆبکەنەوە ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
بەهۆی ئەوەی لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەدا یاریزانان ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، لە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشەی کوشتن و لە سێدارەدان لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکرێت، ئەمەش تیپەکەی رووبەڕووی بەربەستێکی زۆر کردووەتەوە و تیپەکە ترسی لە گەڕانەوە بۆ ئێران هەیە، هەرچەند لە یاریی دووەم و سێیەمدا یاریزانەکان جیاواز لە یاریی یەکەمیان سروودی نیشتمانیان گوتەوە و سڵاوی سەربازییان بۆ ئاڵای ئێران کرد.
بابەتەکە ئەو کاتە زیاتر تەشەنەی کرد، کاتێک مەرزیە جەعفەری، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، لە یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانی ئێراندا سروودەکەی نەگوتەوە و بە زەردەخەنەوە دەرکەوت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یاریزانانی ئێران لەژێر هەڕەشەدا سروودی وڵاتەکەیان گوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی خێزانەکانیان دروستبووە.
دوای ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکە لە جامی ئاسیا، تاوەکو ئێستا تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران نەگەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و لە ئوسترالیا ماوە و تەنانەت ناتوانن لەو هۆتێلەش بێنە دەرەوە کە تێیدا دەمێننەوە، بەتایبەت کە ئەو کەسانەی هاوسۆزییان سوپای پاسدارانی ئێرانن چاودێریی تووندی تیپەکە دەکەن، بەمشێوەیە تیپەکە بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و تەنانەت چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشیان دەکرێت.
ئەم پێشهاتە شەپۆڵێکی تۆڕەیی بەرفراوانی لە ئوسترالیا بەدوای خۆیدا هێنا، فیدراسیۆنی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ (FIFPRO) رایگەیاند، نامەیان بۆ رێکخەرانی حکومەتی ئوسترالیا و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە ناردووە بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی سەلامەتی یاریزانەکان.
بابەتەکە گەورەبوو و گەیشتە پەرلەمانی ئوسترالیا، کاتێک جولیان لیسەر، پەرلەمانتاری ئوسترالیا داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی لە کانبێرا کرد، دەستوەردان بکات و مافی پەنابەری بداتە ئەندامانی تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران. دوای بڵاوکردنەوەی نووسراوێک کە نزیکەی 50 هەزار کەس واژۆیان کردووە تێیدا هاتووە رێگە نەدرێت هیچ یاریزانێک دیپۆرت بکرێتەوە، بەرلەوەی سەلامەتییان گەرەنتی بکرێت.
عەلی بورنایی، رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆیە و بە تۆڕی DWـی ئەڵمانی گوتووە، رەنگە ئەو مامەڵەیەی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کاتێک دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان وەکو خیانەتێکی گەورە هەژماربکرێت کە سزاکەی لە سێدارەدانە.
مەرزییە جەعفەری، راهێنەری تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ ئێران گوتی "بەڕاستی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەین. من بە شێوەیەکی تاکەکەسی زۆرم پێخۆشە زووتر بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم و لەگەڵ هاونیشتمانییەکانم و خێزانەکەم بم".
ناز سەفەوی، بەشداریی لە هەر سێ یارییەکەی ئێراندا کردووە و دەڵێت "ناتوانن بە ئازادی قسە بکەن، چونکە هەڕەشەیان لێدەکرێت".
ئەم قسانەی مەرزییە جەعفەری، لەکاتێکدایە بەشێکی هاندەران چووبوونە بەردەم هۆتێلی مانەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە ئوسترالیا و هاواریان دەکرد، یاریزانەکانمان ئازاد بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ