رێکەوتن کرا و ئەلۆنسۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی داهاتووی کرد

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن لیڤەرپوول چابی ئەل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، گرێبەستی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کردووە و هاوینی داهاتوو دەستبەکاردەبێت.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن ئەلۆنسۆ بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە کردووە و لەسەرەتای وەرزی داهاتووەوە، دەستبەکاردەبێت.
 
ماڵپەری 'ئۆک دیارۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، رێکەوتنی نێوان یاریزانەکەی پێشووی لیڤەرپوول و یانەکەی، لەسەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵەوە کارا دەبێت.
 
ئەو سەرچاوەیە لە راپۆرتێکدا وردەکاریی رێکەوتنەکەی ئاشكراکردووە و دەڵێ، ماوەیەک لەمەوپێش، ئەوکاتەی ئەنجامەکانی لیڤەرپوول لەگەڵ ئارنێ سلۆت خراپبوون، بەرپرسانی لیڤەرپوول و نوێنەرانی ئەلۆنسۆ پەیوەندی لەنێوانیاندا دروستبووە، تەنانەت بەرلەوەی ریال مەدرید ئەو راهێنەرە، لە مەشقدانی یانەکەی دووربخاتەوە.
 
بەرپرسەکانی لیڤەرپوول ویستوویانە هەڵوێستی ئەلۆنسۆ بزانن لەسەرئەوەی تاوەکو چەند ئامادەیە لە ئانفێڵد دەستبەکاربکات، لەگەڵ بوونی نیازی ئاشکرای بەرپرسانی یانەکە، بۆ دوورخستنەوەی سلۆت لە کۆتایی وەرزدا.
 
ئەو راپۆرتە ئاشکرایکردووە، ئەوە یەکەمجارنەبووە کە لیڤەرپوول هەوڵی گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەکە داوە، بەڵکو لە هاوینی 2024 هەمان هەوڵ هەبووە، پاشئەوەی چابی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەستکەوتی مێژوویی دووانەی جام و خولی ئەڵمانیای بەبێ دۆڕان بەدەستهێنا.
 
وەک هەمان ماڵپەر دەڵێ، ئەو کاتە، راهێنەرەکە رۆیشتنی لە لیڤەرکوزن رەتکردووەتەوە، بەباشی زانیوە دوای وەرزە مێژووییەکە، لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
 
هاوینی رابردوو، ئەلۆنسۆ جارێکی دیکە دەستەوارەی لیڤەرپوولی پێگەیشتووە، بەڵام ئەو پێی باشبووە ئاڵنگارییە نوێیەکەی لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجام بدات، بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی.
 
بەڵام وەک روونە، کاروانەکەی ئەو لەگەڵ یانەی شاهانە زۆری نەخایاند و پاشەکشەی تیپەکە لە ئەنجامدا و کێشەکانی ژووری جلگۆڕین، هەروەها ناکۆکیی گەورە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر و شکست بەرامبەر بارسێلۆنا، سەریانکێشا بۆ رۆیشتنی ئەو لە یانەکە.
 
ماڵپەری 'ئۆک دیارۆ' دەڵێ، "هەموو شت تەواو بووە و ئەلۆنسۆ بووەتە راهێنەری لیڤەرپوول"، هەموو رێکەوتنێک کراوە. بەڵام تەنیا یەک ئەگەر دەمێنێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی رێکەوتنی لەسەرکراوە، ئەویش بریتییە لەوەی ئەگەر لیڤەرپوول لەسەردەستی ئارنێ سلۆت، نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، ئەوکات هەموو هاوکێشەکە دەگۆڕێت و دەستبەکاربوونی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری لیڤەرپوول، لانیکەم وەرزێک دوا دەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە