رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی، رووبەڕووی بەشێکی دیکەی تۆمەتبارکردن بە گەندەڵی، بەهۆی دۆسێی ناسراو بە 'دۆسێی نێگرێرا' دەبێتەوە، پاشئەوەی دادوەری دۆسێیەکە بڕیاری بانگهێشتکردنی یانەی بارسیلۆنای بەفەرمی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بەشێکی دیکەی دۆسێیەکە.
پێشبینیکراوە، ئیلینا فۆرت، جێگری سەرۆکی ئێستای یانەکە و خوان گاسپارت، سەرۆکی پێشووی یانەکە، لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا بچنە بەردەم دادوەر.
دۆسێیەکە پەیوەندی بەو پارانەوە هەیە کە بارسێلۆنا داویەتی بە خۆسێ ماریا نێگرێرا، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا، کە کۆی پارەکە 7،3 ملیۆن یۆرۆیە و لە نێوان 2001 تاوەکو 2018 بەردەوامبووە لە ژێر ناوی 'کۆمپانیای راوێژکاری هونەری'.
رۆژنامەی 'ئێل مۆندۆ'ی ئیسپانی دەڵێ، دادوەر فەرمانی کردووە یانەکە گرێبەستە ئۆرجیناڵەکانی نێوان خۆی و کۆمپانیاکەی نێگرێرا کە کۆمپانیای داسنیل 95 ئێس ئێڵ و ئێس سی بییە، بباتە بەردەم دادوەر.
ئەو دوو کۆمپانیایە وەکئەوەی لە دۆسێیەکەدا هەیە، بەرامبەر بە راپۆرتی هونەری و راوێژی ناوبژیوانی، پارەیان وەرگرتووە.
دادوەر هەروەها داوای کردووە ناوی ئەو کارمەندانە ئاشکرا بکات کە بەشدارییان لە وەرگرتنی راوێژەکانی کۆمپانیاکەدا کردووە، هەروەها دۆکۆمێنت و گرتەی ئۆرجیناڵی پەیوەندی نێوان هەردوولا کە دەیسەلمێنێت، کارەکە راوێژکاریی بووە.
هەندێک سەرچاوەی میدیایی دەڵێن، لەم داوایانەی دادوەری دۆسێیەکەدا، بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، چونکە دۆسێی ئۆرجیناڵی گرێبەستی نێوان یانەکە و کۆمپانیاکەی نێگرێرا لە ئەرشیڤی یانەکەدا نەماوە.
وەک سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، هەروەها بڕیارە خوان گاسپارت کە لە نێوان 2000 تاوەکو 2003 سەرۆکی یانەکە بووە، وەک گەواهیدەرێک لە دۆسێیەکەدا لەبەردەم دادوەردا ئامادەبێت.
بڕیارە لە مانگی دوانزەی ئەمساڵدا، خوان لاپۆرتا سەرۆکی ئێستای یانەکە بچێتە بەردەمی هەمان دادوەر بۆ قسەکردن لەبارەی دۆسێیەکەوە، بەتایبەت کە بەشێکی رووداوەکان لەماوەی سەرۆکایەتیی یەکەمی ئەودا روویانداوە.
هەر لەهەمان دۆسێدا، هەریەکە لە لویس ئینریکێ و فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، راهێنەرانی پێشووی یانەکە لەبەردەم دادوەردا ئامادە دەبن، بۆ روونکردنەوەی سرووشتی پەیوەندییان بە راپۆرتەکانەوە.
دۆسێی نێگرێرا کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەریهەڵداوە، تێیدا بارسێلۆنا تۆمەتبارە بەپارەدان بە کۆمپانیایەکی موڵکی خۆسێ نێگرێرای جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا.
دادگا گومانی لەوە هەیە کارەکە بەرتیلدان بێت بە نێگرێرا لەپێناو هاوکاریکردنی ناوبژیوانیی بارسێلۆنا، بەڵام یانەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ تەنیا وەک راوێژکار کاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی نێگرێرادا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ