بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ لە شەوێکی پڕ لە رکابەریدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە

02-12-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئاتلێتیکۆ مەدرید لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات و رۆخی بلانکۆسیش چاوی لەوەیە سیناریۆی بەرامبەر ریال مەدرید لە کامپ نو دووبارەبکاتەوە.
 
لە یارییەکی پێشخراوی گەڕی 19ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا کاژێر 23:00 لە یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، ئەمە یەکێک لە زەحمەتترین یارییەکانی هەردوو یانە دەبێت لەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیادا.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا ریال مەدرید بۆ سێیەم یاریی لەسەریەک یەکسانبوو و دوو خاڵی بەرامبەر جیرۆنا لەدەستدا، بارسا بەبردنەوەی لە ئالاڤێش چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە و دەیەوێت بەرامبەر تیپێکی دیکەی مەدرید بردنەوە تۆماربکات و شوێنەکەی بەهێزتربکات، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
 
بلاوگرانا خاوەنی 34 خاڵە و سێ خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە دوورە، رۆخی بلانکۆس لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 31 خاڵە، تیپەکەی سیمیۆنی دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ بارسا یەکسانبکاتەوە.
 
ئەم یارییە بەهۆی ئەوەی دەبووایە لەنێو کاتی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجامدرابا پێشخراوە.
 
زمانی ئامار و داتا
 
بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگادا، لە 14 گەڕدا 11 بردنەوە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی هەیە، بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ یەکسانبووە و بەرامبەر هەردوو یانەی سێڤییا و ریال مەدریدیش دۆڕاوە، تیپەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 39 گۆڵی تۆمارکردووە، 16 گۆڵ بەرامبەر یانەکە کراون.
 
مەدریدییەکان لەم وەرزەدا زیانی گەورەیان بە بارسا گەیاندووە، بەوپێیەی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ و ریال مەدرید 4 خاڵی لەدەستداوە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا خاوەنی 9 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و دۆڕانێکە، دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەیەکی کەتەلۆنی بووە کە ئیسپانیۆلە، بەرامبەر یانەکانی رایۆ ڤایکانۆ، ئێڵچێ، ئالاڤێش، مایۆرکا و سێلتا ڤیگۆ یەکسانبووە.
 
رۆخی بلانکۆس، لەم وەرزەدا بردنەوەیەکی گەورەی بە 5-2 بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە و دەیەوێت بەرامبەر بارسێلۆنا هەمان سیناریۆ دووبارەبکاتەوە.
 
تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی لەم وەرزەدا خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە، کە تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە و هاوشێوەی ریال مەدرید 29 گۆڵیان تۆمارکردووە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا جێگەی تێڕامان و ترسە ئەوەیە، ئاتلێتیکۆ لە دۆخێکی زۆرباشدایە و لە 7 یاریی رابردوودا بەسەریەکەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و چاوی لە درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکانی.
 
لە دوایین سێ یاریی نێوان هەردوو یانەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بارسێلۆنا نەدۆڕاوە، بەڵام دوایینجار کە هەردوو تیپ لە یاریگەی بلاوگرانا رووبەڕووی یەکبوونەوە و لە لالیگادا یارییانکردبێت، ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەویش لە وەرزی رابردوو بوو.
 
مێژووی کۆی یارییەکانی هەردوو تیپ بەشێوەیەکی گشتی 246 یارییە، بارسێلۆنا خاوەنی 112 بردنەوەیە، ئاتلێتیکۆ مەدرید 77 یاریی بردووەتەوە و 57 جار یەکسانبوون، یانە کەتەلۆنییەکە 465 گۆڵی تۆمارکردووە، یانە مەدریدییەکە 356 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە