هاندەرانی زاخۆ جگە لە بردنەوە هیچی دیکەیان ناوێت

03-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاندەرانی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی کرانە دەرەوەیان لە جامی عێراقدا، یانەی زاخۆ چاوی لە بردنەوەیە لە یانەی زەورا، کاتێک بۆ جاری سێیەم لەم وەرزەدا رووبەڕووی یانەکە دەبێتەوە.
 
کاژێر 21:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی زەورا دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی 22ـی خولی عێراقدا و یانەکە دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە بکاتەوە کە بووە هۆی ئەوەی یانەکە لە جامی عێراق بکرێتە دەرەوە، یارییەکە راستەوخۆ لە هەردوو پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداو عەرەبییە لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
 
ئەمە سێیەم یارییە لەم وەرزەدا هەردوو یانە بەرامبەر یەکدی ئەنجامی بدەن، هەردوو یارییەکەی رابردوو یانەی زاخۆ دۆڕاوە و هاندەرانی یانەکە جگە لە بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو، هیچ ئەنجامێکی دیکە لە یانەکەیان قبوڵ ناکەن.
 
یانەی زاخۆ بەر لەم یارییە لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ، یانەی زەورا 40 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پەنا بەخوا ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە بۆ یاریی بەرامبەر زەورا، یارییەکی گرنگە بۆ ئێمە، بەهۆی گەورەی و ناوبانگی یانەی زەورا و ئەنجامەکانی باشن، تیپەکەمان بەمدوایە باش نەبوو و هەوڵمداوە لە ماوەی وەستانی یارییەکانی خولی عێراق پێداچوونەوە بە تیپەکەدا بکەم، هیوادارم ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین لە یاری رابردووش ئاستمان باش بوو، بەڵام ئەنجام بەدڵی ئێمە نەبوو ، پەنا بەخوا یارییەکە دەبەینەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە