هاندەرانی زاخۆ جیهانیان سەرسامکرد؛ فیفا خەڵاتی "باشترین هاندەر"ـی پێبەخشین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن زاخۆ بەربژێرەکانی خەڵاتی زە بێست خەڵاتی زە بێست هاندەرانی زاخۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو هەڵوێستە مرۆییە ناوازەیەی بەرامبەر منداڵانی نەخۆش نواندیان، هاندەرانی یانەی زاخۆ سەرنجی جیهانیان راکێشا و بە فەرمی خەڵاتی باشترین هاندەری فیفایان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا.
 
فیفا لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست (The Best)، رایگەیاند کە هاندەرانی یانەی زاخۆ براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی 2025ـن. ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانیان لە هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و دیمەنێکی ناوازەیان لە یاریگەکاندا دروستکرد.
 
هاندەرانی یانە کوردستانییەکە کاتێک سەرنجی جیهانیان بەلای خۆیاندا راکێشا کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 13ـی مانگی 5، هەزاران بووکەڵە و یاری منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگەوە. دواتر ئەو دیارییانە لە چیمەنی یاریگەکە کۆکرانەوە و بەسەر منداڵانی نەخۆشدا دابەشکران.
 
لە بەیاننامەی یانەکەدا هاتووە: "هەڵدانی یاری منداڵان بۆ نێو یاریگە، روحیەتێکی مرۆیی نموونەیی نیشاندا و لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشی لە کوردستان، عێراق و ئاسیا دانپێدانراوە".
 
هەروەها یانەی زاخۆ لەبارەی هاندەرەکانییەوە دەڵێت: "هاندەرانمان بڕبڕەی پشتی تیپەکەن و بەردەوام بە چالاکییە داهێنەرانەکانیان سەرنجەکان رادەکێشن. هیوادارین پاڵپشتییەکانیان بەردەوام بێت لەکاتێکدا ئێمە هەوڵ بۆ سەرکەوتنی گەورەتر دەدەین".
 
ئەم دەستپێشخەرییەی هاندەرانی زاخۆ نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی ناوی یانەکە لە مێژووی فیفادا بەهۆی کارێکی مرۆییەوە تۆمار بکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە