رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئیسپانیی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، جگە لە دەرکردنی ریال مەدریدی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، گورزێکی دیکەشی لەو یانەیە دا و رێگەی نەدا ئەستێرەیەکی بچێتە ریزەکانی مێرینگێ.
لەکاتێکدا هەواڵەکان سەبارەت بە رۆیشتنی یاریزانی ئارسیناڵ ویلیام سالیبا بۆ ریزەکانی ریال مەدرید لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە، راهێنەری ئارسیناڵ رایگەیاند کە لەگەڵ یاریزانەکەی قسەی کردووە سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە و دووپاتیکردەوە کە سالیبا لە ئارسیناڵ دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە تیپی شاهانە، ویلیام سالیبای فەرەنسی یەکێکە لەو ئەستێرە دیارانەی کە یانەی ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا چاودێری دەکات، لەکاتێکدا بڕیاری داوە راهێنەرێکی نوێ بۆ شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بێنێت.
میدیاکانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئاستە سەرنجڕاکێشەکانی سالیبا لەم وەرزەدا لەگەڵ ئارسیناڵ وایکردووە بەرپرسانی ریال مەدرید بەردەوام بن لە گوشارخستنە سەری بۆ ئەوەی رازی بێت لە هاویندا پەیوەندی بە ریزەکانییەوە بکات.
بەرگریکاری ناوەڕاستی تەمەن 24 ساڵ، سەرنجی یانەی ریال مەدریدی بۆ خۆی راکێشاوە، بەڵام میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ یەکەم هەڵوێستی خۆی لەسەر داهاتووی یاریزانە فەرەنسییەکە ئاشکراکرد، بەتایبەتی سەبارەت بەئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکە لە ترسی بایەخپێدانی زۆری ریال مەدرید بەو یاریزانە.
ئارتێتا سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی سالیبا، گوتی "سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی سالیبا، ئەوە بۆ یانەکە جێدەهێڵم تاوەکو گفتوگۆ دەستپێبکەن، بەڵام ئەوەی دڵنیام ئەوەیە کە قسەم لەگەڵی کردووە، دڵخۆشە کە لەگەڵمانە و دەیەوێت بەردەوام بێت، ئەو ئەوەی بۆ من پشتڕاستکردەوە".
لێدوانەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە شۆکێک بوو بۆ هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی سالیبا، بەتایبەتی دوای ئەوەی دووپاتیکردەوە کە "دانوستاندنەکانی داهاتوو کاتیان دەوێت، بەڵام دڵنیام لێرە دڵخۆشە و ئارسیناڵ ئەو شوێنەیە کە دەیەوێت لێی بێت".
سالیبا کە لەم وەرزەدا 32 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ ئارسیناڵ ئەنجامداوە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە، تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە هەیە.
یاریزانە فەرەنسییەکە لە هاوینی 2019 لە یانەی سانت ئیتیانەوە پەیوەندی بە یانەی ئارسیناڵەوە کرد، بەڵام پێش گەڕانەوەی بۆ یاریگای ئیمارات بەخواستن لەگەڵ یانەی نیس و ئۆڵۆمپیک دی مارسیلیا و سانت ئیتیان یارییکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ