ئەگەر هەیە لامین یامال 6 مانگ دووربکەوێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
سێ سیناریۆی مەترسیدار بۆ پێکانەکەی لامین یامال هەن، خراپترینیان ئەوەیە کە ئەگەری هەیە 6 مانگ دووربکەوێتەوە و لە بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 بێبەش بێت.
 
لامین یامال، دیارترین ئەستێرەی هەریەکە لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ناچاربوو پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەمی یاریی بارسێلۆنا و سێلتا ڤیگۆ لە لالیگادا یاریگا جێبهێڵێت، کە یانە کەتەلۆنییەکە بە تاکە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنێکی نوێی بەدەستهێنا.
 
لامین یامال لە کاتی ئەنجامدانی ئەو لێدانە سزایەی، کە تاکە گۆڵی یارییەکەی لێکەوتەوە، تووشی پێکان بوو.
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە پێکان لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی چەپ دەکەن. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە و پشتڕاستکردنەوەی قەبارەی پێکانەکە لەلایەن یانەکەوە، ئەو وێنانەی کە یامال نیشان دەدەن لە کاتی جێهێشتنی یاریگەدا، هەموو جۆرە نیگەرانییەکی دروستکردووە".
 
ئەم پێکانە، وەک ئەوەی تاوەکو ئێستا دەردەکەوێت، ئەم یاریزانە گەنجە ئیسپانییە دەخاتە بەردەم 3 سیناریۆی ئەگەری:
 
* سیناریۆی یەکەم
 
 ئەگەر پێکانەکە بریتی بێت لە گرژبوونی ماسوولکە، یان کشان لە ماسوولکەی پشتی راندا (ئەمە گەشبینانەترین سیناریۆیە)، ئەوا لامین یامال بۆ ماوەیەک لە نێوان دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە؛ بەمەش ناتوانێت بەشداری لە کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید بکات لە 10ـی ئایاری داهاتوودا، بەڵام لەوانەیە بتوانێت کۆتایی وەرز لەگەڵ بارسا تەواو بکات.
 
* سیناریۆی دووەم
 
ئەگەر پێکانەکە بریتی بێت لە پچڕانی نیمچەیی، ئەوا کاتی چاوەڕوانکراو بۆ چاکبوونەوە لە 3 تاوەکو 8 هەفتە بەرز دەبێتەوە. لەم سیناریۆیەدا، یامال لەوەی لەم وەرزەدا ماوە ناگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ بارسێلۆنا، و لەوانەیە بگاتە ئەوەی لە مۆندیالیش بێبەش بێت.
 
* سیناریۆی سێیەم
 
 خراپترین سیناریۆی ئەگەری، پچڕانی تەواوەتی ماسوولکەکەیە، کە لامین یامال ناچاردەکات نەشتەرگەری ئەنجام بدات؛ لەم حاڵەتەدا، ماوەی دوورکەوتنەوەی بۆ چەندین مانگ درێژ دەبێتەوە، و لەوانەیە لە رەشبینانەترین پێشبینیدا بگاتە 6 مانگ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە