ریال مەدرید شوێنگرەوەی تۆنی کرووسی دۆزییەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئادەم وارتۆن ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

نە رۆدرییە و نە ڤیتینیا، ریال مەدرید سوپرایزێک دەکات و ناوێکی چاوەڕواننەکراو بۆ شوێنگرتنەوەی تۆنی کرووس هەڵدەبژێرێت!
 
ریال مەدرید لە گەڕانێکی چڕدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانی هێڵی ناوەڕاست، لە سایەی بەردەوامی ئەو بۆشاییەی کە رۆیشتنی تۆنی کرووس دروستی کردووە، زیاتر لەوەش لۆکا مۆدریچیش لە تیپەکە نەماوە.
 
کارگێڕیی یانەکە بەسەرکردایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست بە کارێکی لەپێشینە دەزانێت لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و بنیاتنانی پڕۆژەیەک کە توانای رکابەری هەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەورووپی.
 
ناوە قورسەکان لەسەر مێزی گفتوگۆن
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لە گرنگیپێدانی ریال مەدرید کردووە بۆ ناوە گەورەکانی وەک رۆدری و ڤیتینیا، بەڵام سەختی دانوستاندن لەگەڵ مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان ئەم گرێبەستانەی زۆر ئاڵۆز کردووە.
 
پلانی جێگرەوە بە بەهێزی دەردەکەوێت
 
لەنێو ئەم ئاڵۆزییانەدا، ناوی ئادەم وارتۆن وەک بژاردەیەکی جددی و چاوەڕواننەکراو دەرکەوتووە، دوای پێشنیازی بەهێزی پشکنەرانی یانەکە، کە وای دەبینن ئەو یاریزانە دەتوانێت بۆشاییە هونەرییەکەی هێڵی ناوەڕاست پڕبکاتەوە.
 
ئەم ئەستێرە گەنجە ئینگلیزییە، کە تەمەنی 22 ساڵە، بەخێرایی سەرنجی هەمووانی لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس راکێشا، و توانی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی خولی نایابی ئینگلیزی  بسەلمێنێت، وێڕای ئامادەیی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
 
چارەسەرێکی پراکتیکی بۆ کێشەی کرووس
 
لە ناو ریال مەدریددا بڕوایەکی روو لەزیادبوون هەیە کە وارتۆن ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە تیپەکە پێویستییەتی؛ خوێندنەوەی ئاستی یاری، پاسی ورد، و توانای کۆنترۆڵکردنی ریتمی یاری، کە ئەمانە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەن کە کرووس بۆ چەندین ساڵ پێیان ناسرابوو.
 
نرخێکی زۆر رێگرە لەبەردەم گرێبەستەکە
 
بەڵام گەورەترین ئاستەنگ لایەنی داراییە، چونکە کریستاڵ پاڵاس بڕی نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ داوا دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکەی، کە ئەم ژمارەیەش گوزارشتە لە گرنگییەکی زۆری لەنێو تیپە ئینگلیزییەکەدا.
 
بڕیاری یەکلاکەرەوە نزیک دەبێتەوە
 
ریال مەدرید بە باشی درک بەوە دەکات کە دۆسیەی هێڵی ناوەند دواخستن هەڵناگرێت، و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا، لەوانەیە ناچار بێت بڕیارێکی خێرا بدات لە نێوان وەبەرهێنان لە ئەستێرەیەکی ئامادە یان سەرکێشیکردن بە بژاردەیەکی تێچوو کەمتر.
 
لە هەموو دۆخەکاندا، ناوی ئادەم وارتۆن وەک یەکێک لە گەرمترین دۆسێیەکان لەنێوو  سانتیاگۆ بێرنابیۆ  دەمێنێتەوە بۆ ئەم هاوینە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە