دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی لامین یامال ئامادەکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال یانەی ئیتیحاد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئیتحادی سعودی دەستەوارەیەکی مێژوویی بە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لامین یامال ئامادە دەکات.
 
کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی خۆی بۆ وەرگرتنی دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە لایەن یانەی ئیتحادی سعودییەوە ئامادە دەکات، کە ئامانج لێی گواستنەوەی گەوهەرە درەوشاوەکەی کەتەلۆنیایە بۆ خولی رۆشن.
 
یانەی ئیتحاد هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی چڕکردووەتەوە، ئەمەش دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی یانەکە لەگەڵ کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی و دواتر رۆیشتنی بۆ ریزەکانی بۆ ریزەکانی یانەی هیلالی رکابەری، لەگەڵ ئەگەری رۆیشتنی موسا دیابی بۆ یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی.
 
ماڵپەڕی Fichajes بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی ئیتحاد بەوردی چاودێری لامین یامال دەکەن و ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشکەشکردنی گرێبەستێکی مێژوویی کە بڕەکەی دەگاتە 300 ملیۆن یۆرۆ، تاوەکو یانە کەتەلۆنییەکە و یاریزانەکەش رازی بکەن بەگواستنەوەی بۆ سعودیە.
 
بۆچی ئیتحاد یامالی دەوێت؟
 
کارگێڕیی یانەی ئیتحاد، لامین یامال وەک یاریزانێکی نموونەیی بۆ پڕۆژە نوێیەکەیان دەبینن. ئەوان پێیانوایە ئەو تەنیا یاریزانێکی بەهرەمەند نییە، بەڵکو خاوەن ناوبانگێکی جیهانییە و دەتوانێت سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای یانەکەیان و خولی سعودی رابکێشێت.
 
هەڵوێستی بارسێلۆنا و یاریزانەکە چییە؟
 
سەرەڕای گەورەیی بڕی پارەکە، کارگێڕیی بارسێلۆنا ئێستا  هیچ پلانێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رۆیشتنی یامال نییە. یانە کەتەلۆنییەکە، یامال بە یاریزانێکی دەستلێنەدراو و هێڵی سوور و دینامۆی پڕۆژە وەرزشییەکەیان دەزانن.
 
لەلایەکی دیکەوە، خودی لامین یامال هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێهێشتنی لالیگا و بارسێلۆنا نیشان نەداوە. ئەو گەنجە لەنێو بارسا هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات و دەزانێت کە گەشەکردنی وەک ئەستێرەیەکی جیهانی، بەستراوەتەوە بە مانەوەی لە بەرزترین ئاستی کێبڕکێی ئەورووپادا.
 
ئامارەکانی یامال لەم وەرزەدا:
 
لامین یامال کە تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو هاوینی ساڵی 2031 درێژەی هەیە. لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە:
 
18 یاری لە لالیگا ئەنجامداوە.
8 گۆڵی تۆمارکردووە.
9 ئەسیستی هەبووە.
 
یامال لە چەند ساڵی رابردوودا وەک یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی خولی ئیسپانیا دەرکەوتووە، کە بەهۆی ژیری و بەهرەکانی لەنێو یاریگادا، هەموو چاودێرانی وەرزشی سەرسام کردووە و لە تەمەنێکی بچووکدا بووەتە کلیلی سەرکەوتنەکانی بارسێلۆنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە