بنزیما بە تەلەفۆنێک بۆ پێرێز کێشەی نەمانی تۆنی کرووس چارەسەر دەکات

04-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما ناوی یاریزانێکی داوەتە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و پێگوتووە "پێکهاتەی ریال مەدرید تەنیا لەو یاریزانەی کەمە، ئەو دەتوانێت بۆشایی تۆنی کرووس پڕبکاتەوە، بۆیە دەبێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەی". سەرۆکی مێرینگێش ئەو رێنماییەی بنزیمای لەبەرچاو گرتووە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە ئاشکرایان کردووە کە کەریم بنزیما، یەکێک لە گەورەترین هێرشبەرەکانی مێژووی ریال مەدرید، هێشتا خەمخۆری ریال مەدریدە و راسپاردەی گرنگ پێشکێشی کارگێڕیی یانەکە دەکات، بەتایبەتی لەبارەی بەهێزکردنی ریزەکانی یانەکە بە بەهرەیەکی جیهانی کە پێیوایە شایەنی ئەوەیە لە بێرنابیۆ یاری بکات.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بنزیما لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئاماژەی بە ڤیتینیای یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پۆرتوگالیی یانەی پاریس سانجێرمان داوە، وەک بژاردەیەکی نموونەیی کە دەتوانێت شوێنی تۆنی کرووس، ئەستێرە ئەڵمانییە رۆیشتووەکەی یانەکە بگرێتەوە.
 
ڤیتینیا خاوەنی توانایەکی ناوازەیە کە وایلێکردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین ئەو بەهرانەی لە خولی فەرەنسادا درەوشاونەتەوە، خاوەنی دیدێکی نایابە بۆ یارییکردن، کۆنترۆڵێکی بەرزی تۆپی هەیە و لە جێبەجێکردندا خێرایە. 
 
بنزیما لە وەسفی ڤیتینیادا بۆ پێرێز، گوتوویەتی "یاریزانێکی زیرەک و ژیرە، کە داهێنانی هونەری و وردبینیی تاکتیکی کۆکردووەتەوە"، جەختیشی کردووەتەوە کە هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی پێویستی پێیەتی، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر پێکهاتەی یانەکەدا هاتوون، بەهۆی رۆیشتنی کرووس و مۆدریچ و ئامادەنەبوون یان دابەزینی ئاستی هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکانییەوە.
 
لەلای خۆیەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، ئامۆژگارییەکەی بنزیمای بەهەند وەرگرتووە و ڤیتینیای خستووەتە لیستی پێشینەی گرێبەستە ئەگەرییەکانەوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا. 
 
پێرێز لە گرنگیی بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست بە یاریزانی وا تێدەگات کە بتوانن سەرکردایەتیی یانەکە بکەن لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو خواستە بەردەوامەی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی چامپیۆنزلیگ و باڵادەستبوون لەسەر ئاستی ناوخۆ هەیەتی.
 
زیادکردنی ڤیتینیا بۆ پێکهاتەی ریال مەدرید، واتە یانەکە دەبێتە خاوەنی یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی تەواوکار کە لە دروستکردنی دەرفەت و داڕشتنی یارییدا شارەزایە، لەگەڵ توانای تۆمارکردنی گۆڵ لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. ئەمەش چانسی یانە شاهانەکە بۆ بەردەوامبوون لە باڵادەستیی بەسەر پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و ئەوروپییەکاندا زیاد دەکات.
 
بڕیاری گرێبەستکردن لەگەڵ ڤیتینیا پەیامێکی روونە کە ریال مەدرید هەوڵی دروستکردنی تیپێکی نوێکراوەی داهاتوو دەدات کە یاریزانی ئاستبەرزی جیهانی لەخۆبگرێت، لەگەڵ سووربوونی پێرێز لەسەر پارێزگاریکردن لە مێژووی پڕ لە سەرکەوتن و پێشکێشکردنی باشترین لە وەرزەکانی داهاتوودا.
 
ئایا ئامۆژگارییەکەی بنزیما دەبێتە راستی و بێرنابیۆ هاتنی ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بەخۆیەوە دەبینێت کە داهاتوویەکی گەشی چاوەڕێیە؟ رۆژانی داهاتوو زۆر شت ئاشکرا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە