هەڤپەیڤینی لیۆنێل مێسی لەگەڵ فرانس فوتبۆل

04-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی فرانس فوتبۆل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی، ئەو هەڤپەیڤینەی بڵاوکردەوە، کە بە بۆنەی بردنەوەی هەشتەم باڵۆن دۆررەوە لەگەڵ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی ئەنجامی دابوو.
 
لیۆنێل مێسی لەو هەڤپەیڤینەدا، دووپات لەوە دەکاتەوە کە لە هەموو ژیانیدا لەپێناو خەونی بردنەوەی جامی جیهانی تێکۆشاوە.
 
مێسی لە باسی بارسێلۆنادا، گوتی "زۆربەی ژیانی وەرزشیم لە بارسێلۆنا بەسەربرد، بەختم هەبوو کە هەموو شتێکم بردەوە، چەند خولێک و چەندین نازناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نەبردنەوەی هیچ شتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرجەنتین بۆ من دڕکێک بوو لە قاچمدا، بەڵام خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا دواجار توانیم جامە گەورەکان بۆ وڵاتەکەم ببەمەوە".
 
سەبارەت بە هەشتەم باڵۆن دۆرەوە، لیۆ گوتی "لەم ساڵانەی دواییدا توانیومە نازناوی گرنگ لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی بەدەستبهێنم، بۆیە ئەم تۆپە زێڕینە رێزلێنانێکی جوانە بۆ من، بەڵام بۆ هاوڕێکانیشم لە هەڵبژاردەی نیشتمانی. خۆشحاڵم کە لەگەڵ گەلی ئەرجەنتین بەشی دەکەم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە یاریی سعودیە لە مۆندیالی قەتەردا؟ مێسی گوتی "قۆناخێکی زۆر سەخت بوو، چونکە پێشبینیمان نەدەکرد پاڵەوانێتییەکە بەمشێوەیە دەستپێبکەین. 36 یاری بوو نەدۆڕابووین، دەبوو ئەو یارییە ببەینەوە، چونکە سعودیە لەسەر کاخەز ئاسانترین تیپی کۆمەڵەکەمان بوو، هەرچەندە هەمیشە رێز لە هەموو رکابەرەکانمان دەگرم. ئەوەبوو دوای یارییەکەی سعودیە، رۆژانی سەختمان بەسەربرد تا یارییەکەی مەکسیک هات، لەوێدا دەبوو سەرمان بەرز بکەینەوە و بگەڕێینەوە سەر رێڕەوی راست".
 
وەرزی هالاند چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەی فرانس فوتبۆل بوو؟ کاپتنی ئەرجەنتین لە وەڵامدا گوتی "دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هالاند وەرزێکی سەرسوڕهێنەری پێشکێشکرد. چەندین گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و سێ نازناوی لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێنا. دڵنیام لە ریزی ئەو یاریزانانە دەبێت کە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام رکابەری لەسەر خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەن". 
 
هەمان پرسیار سەبارەت بە وەرزی ئێمباپێش لێیکرا؟ لیۆ لە وەڵامدا گوتی "هەندێک لە وەرزی هالاند دەچێت. ئەویش وەرزێکی خەیاڵی بەسەربرد، لەنێویاندا مۆندیالێکی سەرسوڕهێنەر و نزیکبوو بە گۆڵەکانی رێگە لە سەرکەوتنمان بگرێت. لە ریزی ئەو یاریزانانەیە کە ساڵانە دەتوانێت خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت، چونکە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان".
 
سەبارەت بە قۆناخی مانەوەی لە پاریس، مێسی گوتی "دوو ساڵم لە پاریس بەسەربرد و لەو ماوەیەدا چەندین رووداوم ئەزموون کرد کە هەندێکیان باش بوون و هەندێکیان باش نەبوون. بەڵام زۆرجار باسی ئەو قۆناخەم کردووە و ئێستا بووە بە رابردووە. من تەنیا شتە ئەرێنییەکان دەهێڵمەوە. لە راستیدا دووجار لەسەریەک خولەکەمان بردەوە، کە پێشتر تیپێکی دیکە نازناوەکەی دەبردەوە. قۆناخی پاریس ئێستا لە رابردوودایە".
 
دوای ئەوەی وازدەهێنی چی روودەدات؟ ئەمەش پرسیارێکی دیکە بوو کە لیۆ بە ئاسانی وەڵامی دایەوە و گوتی "دەگەڕێینەوە بۆ ژیان لە بارسێلۆنا. ماڵی ئێمەیە و هاوڕێکانمانی لێیە. چ بۆ ژن و منداڵەکانم یان تەنانەت بۆ خۆم، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکم نییە لەسەر پڕۆژەی داهاتوو دوای وازهێنانم لە یاریکردن".
 
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی لە جامی جیهانی 2026؟ لیۆ گوتی "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەمەنەی لەو کاتەدا دەمبێت، پێدەچێت قورس بێت بۆ من. بەڵام با بزانین".
 
پرسیارێکی گرنگی ئەو هەڤپەیڤینە، ئەوەبوو کە ئایا لاپەڕەی تۆپی پێی ئەوروپات بۆ هەمیشە داخستووە؟ لیۆ لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ من وا بیردەکەمەوە. سوپاسی خودا دەکەم کە پیشەیەکی ناوازەم هەبوو و هەموو ئەو شتانەم لە ئەوروپا بردەوە کە خەونم پێیانەوە دەبینی، کە ساڵانێکی زۆر لەوێ یاریم کرد. ئێستا کە هەنگاوم ناوە بۆ ئەوەی بچمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێموانییە جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ یاریکردن لە ئەوروپا".
 
ئینجا لێیان پرسی، ئایا بیری چامپیۆنزلیگ ناکەی؟ ئەویش گوتی "بێگومان بیری یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ و بەشداریکردن لە لالیگا دەکەم. ئەمانە تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە، بەڵام تا توانیم چێژم لەم دەرفەتە وەرگرت، بۆیە هەست بە هیچ نائومێدییەک ناکەم لە کۆتایی هاتنی کاتەکانم لە ئەوروپا".
 
ئایا چانسی گەڕانەوە بەخواستن بۆ بارسێلۆنا یان هەر تیپێکی دیکە هەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە زۆر لە هەوادارانی مێسی چاوەڕێ بوون وەڵامەکەی لە دەمی خۆیەوە ببیستن و ئەو راشکاوانە، وەڵامیدایەوە و گوتی "نەخێر، بەهیچ شێوەیەک".
 
لیۆ هەروەها گوتیشی "من کە لە پاریس بووم سەیری هەموو یارییەکانی بارسێلۆنام دەکرد".
 
رات چییە لەسەر بارسای چاڤی؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا، مێسی گوتی "تاوەکو ئێستاش بەردەوامم لە چاودێریکردنیان و بێگومان سەیری یارییەکانیان دەکەم. پێموایە تیپەکە لە دوای هاتنی چاڤییەوە گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە توانیویەتی یاریزانە گەنجەکان بە ستانداردی نایاب و یاریزانە بە ئەزموونەکانی وەک لیڤاندۆڤسکی یان کوندێ تێکەڵ بە یەکدی بکات".
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا لە هاوینی رابردوودا؟ وەڵامی لیۆ بەمشێوەیە بوو "بیرۆکەی یەکەمم هەمیشە ئەوەبوو بگەڕێمەوە ماڵی خۆم و بتوانم جارێکی دیکە لە بارسێلۆنا یاری بکەمەوە. وەک هەمیشە خەونم بەوە دەبینی لەوێ وازبهێنم، بەڵام ئەوە نەکرا، بۆیە بڕیارماندا بێینە ئینتەرمەیامی".
 
ئایا بژاردەیەکی دیکەت لەبەرچاو گرتووبوو جگە لە ئینتەرمەیامی؟
 
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش لیۆ گوتی "لەسەر مێزەکەم زۆر دەستەوارە هەبوو، بەڕاستی زۆر جیاواز بوون. بارسێلۆنا و هەروەها یانەکانی ئەوروپا و سعودیە. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارماندا بێینە مەیامی، کە بڕیارێکە ئێمە پێی دڵخۆشین، چونکە لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەکەین".
 
مێسی زیاتر لەبارەی چوونی بۆ مەیامی، گوتی "بیرم لەوە کردەوە کە چی باشترینە بۆ من و خێزانەکەم. بوون بە پاڵەوانی جیهان و گەیشتن بە هەموو ئەو ئامانجانەی کە لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا بۆ خۆم دانابوو، وایلێکردووم لە دەرەوەی لایەنی وەرزشی بیربکەمەوە و هەروەها بیر لە خۆشگوزەرانی هەموو خێزانەکەم بکەمەوە. بڕیارێک بوو پێکەوە بە بێدەنگی دامان".
 
سەبارەت بەوەی تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت لە یاریکردن؟ مێسی گوتی "نازانم تاوەکو کەی بەردەوام دەبم لە یاریکردن. دەمەوێت بەردەوام بم تا ئەوکاتەی هەست دەکەم ناتوانم زیاتر یاری بکەم و باری جەستەییم رێگەم پێنادات بەو شێوەیەی کە حەزم لێیە یاری بکەم. کات ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات".
 
ئایا دەبیتە راهێنەر؟ ئەمەش پرسیارێکی دیکەی فرانس فوتبۆل بوو؟ کە وەڵامەکەی لیۆ بەمشێوەیە بوو "پێموانییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە شتێک دەکەم کە پەیوەندی بە تۆپی پێیەوە هەبێت، چونکە تۆپی پێ هەموو ژیانی منە".
 
فرانس فوتبۆل لێیدەپرسێت، بردنەوەی یەکەمین خەڵاتی باڵۆن دۆر لە 2009 چۆن ئەزموونت کرد؟ مێسیش گوتی "بەو پێیەی یەکەم خەڵات بوو، بێگومان خۆشییەکی تایبەت بوو کە توانیم ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنم. لەبیرمە ئەوکاتە رێکخستنی ئاهەنگەکە بە بەراورد لەگەڵ بارودۆخی ئێستا جیاوازبوو. وەک ئێستا هیچ رێوڕەسمێک نەبوو، خەڵاتەکە لە کاتی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا پێشکێش دەکرا. لەگەڵ براکانم هاتمە پاریس و هەموو ئەم یاریزانانە بانگهێشت نەکرابوون وەک ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات".
 
14 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بردنەوەی یەکەم خەڵاتی باڵۆن دۆر و ئێستا هەشت خەڵاتت هەیە لە ماوەی بیست ساڵدا، کە یەکسانە بە نزیکەی خەڵاتێک لە هەر دوو ساڵێکدا. ئایا هەست بە شانازی بەم بەردەوامییە دەکەیت؟
 
لیۆنێل مێسی لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا گوتی "پێموایە ئەمە رەنگدانەوەی عەقڵیەتی من و پاڵنەر و ئەو خواستەیە کە هەمە بۆ ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ باشتر بم و هەوڵبدەم نازناوی زیاتر بەدەستبهێنم. هەمیشە گوتوومە کە حەزم لە سەرکەوتنە و لە شکستدا زۆر ئازار دەچێژم. هەمیشە هەوڵم دەدا کەسێکی رکابەری بم و هەموو توانام بەو کارە بدەم. من دەژیم و راهێنان دەکەم و بیر لە تۆپی پێ دەکەمەوە، تەنیا لەبەرئەوەی کاتێک یاری دەکەم چێژی لێیوەردەگرم و زۆرم خۆشدەوێت. شتێکە لە گەنجییەوە خەونم پێیەوە دەبینی و هەموو شتێکم بەخشی کە لە ژیانی پیشەیی خۆمدا هەمبوو بۆ ئەوەی رووبدات".
 
هەموو ئەو باڵۆن دۆرانەت لەبیرن کە بەدەستتهێناون؟ مێسی "بێگومان ئەو ساتانەم لەبیرە کە خەڵاتەکەیان پێداوم، بەڵام راشکاوانە بڵێم زۆر خراپم کاتێک باس لە بەروارەکان دەکرێت. ئەگەر باسی ساتێکی دیاریکراو، یارییەکی دیاریکراو، یان رووداوێکی تایبەت بکەیت، بێگومان ئەوەم لەبیرە، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە پرسیارم لێبکەیت، ئەوە قورسە".
 
مێسی هەروەها گوتیشی "بێگومان چوار باڵۆن دۆری یەکەمم لەبیرە بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە بۆ من زۆر دەگەیەنێت، کە چوار خەڵات لەسەریەک بەدەستبهێنم. پاشان خەڵاتی ساڵی 2015ـەم لەبیرە کە دوای وەرزێکی سەرسوڕهێنەر هات، کە لە بارسێلۆنا لەگەڵ لویس ئێنریکی جارێکی دیکە نازناوی چامپیۆنزلیگمان بردەوە. تیپێکی ناوازەمان هەبوو. ئەو ساڵەمان زۆر بەخۆشی بەسەربرد و یادگاری خۆشم هەیە".
 
کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پاڵەوانی جیهان، لە بەشێکی ئەم هەڤپەیڤینەدا، گوتی "یاریی فەرەنسا لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا، باشترین یاریی من بوو لەگەڵ ئەرجەنتین".
 
سەبارەت بە گەڕاندنەوە بەنێوبانگەکەی ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتین لە دواساتەکانی یاریی کۆتایی مۆندیالدا؟ مێسی گوتی "لەو شوێنەی لێیبووم بە روونی نەمدەتوانی سەیڤی دیپۆ ببینم. من بە تەواوی درکم بەوە نەدەکرد کە لەو ساتەدا چی روویداوە، بەڵام دوای ئەوەی جارێکی دیکە ڤیدیۆکەم بینییەوە تێگەیشتم کە دیپۆ چەندە گرنگە لەو ساتەوەختە چارەنووسسازەدا".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یانەی ئامەدسپۆر

سەرۆکی ئامەدسپۆر: دەزانین ئامەدسپۆر نوێنەرایەتیی چی دەکات

ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی ئەو پەیامەی یانەکەیان کە تێیدا هاتبوو، "هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی تورکیا لە رێگەی گەیشتن بە جامی جیهانی دەخوازین!" رایگەیاند، ئەمە بەرپرسیاریێتییە و لێدوانی لەم شێوەیەیان دەبێت.