زاخۆ بەبێ سێ یاریزانی بەرامبەر زەورا یاریی دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
 

رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی لووتکەدا لە بەغدا، یانەی زاخۆ بەدوای سێ خاڵدا دەگەڕێت و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان، کاتێک بەرامبەر یانەی زەورا یاریی دەکات.
 
یارییەکە یاریی لووتکەی رکابەرییەکانی گەڕی 17 دەبێت و هەردوو تیپ چاویان لە سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببنەوە و هاندەرانیان دڵخۆش بکەن.
 
زاخۆ دوو رۆژە لە بەغدا خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، دەیەوێت قەرەبووی یەکسانبوونی لە یاریی رابردوودا بکاتەوە و بەر لە چوونی بۆ کوێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دیکە لە جامی کەنداودا سێ خاڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بباتەوە.
 
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "زەورا لە یانە ناسراوەکانە و رێزی تایبەتی دەگرین، یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت. ئێمە پێویستیمان بەبردنەوەی یارییەکەیە بۆ نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوە.
ئێمە تیپێکی کامڵمان هەیە و هەموو یاریزانەکان ئامادەن بۆ یارییکردن. پێویستە یارییەکانی رابردوو لەبیر بکەین و سێ خاڵ پێشکێشی هاندەرانمان بکەین."
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یانەی زاخۆ بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی هادی ساڵح و ئوسامە رەشید بێبەش دەبێت، جۆسێف ماوریسیۆ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
ئەحمەد ئیبراهیم و شێرکۆ کەریم بۆ یارییەکە ئامادەن و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە