بەهۆی نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالەوە سکاڵا لە دژی فیفا تۆمارکرا

25-03-2026
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی تۆپی پێ لە گرانیی نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیال ناڕازین و سکاڵا لە دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان تۆمار دەکەن.
 
هاندەرانی تۆپی پێ سکاڵایەکی فەرمیان لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) تۆمارکرد، ئەمەش وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر گرانیی نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە مانگی 6ـی ئەمساڵ لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
 
رێکخراوی (FSE) کە تایبەتە بە هاندەرانی تۆپی پێی ئەورووپا رایگەیاند، لەگەڵ گرووپی پاراستنی بەکاربەرانی ئەورووپا یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی تۆمەتی ئەوە بدەنە پاڵ فیفا کە پێگەکەی قۆرخکردووە بۆ سەپاندنی نرخ بەسەر هاندەراندا."
 
رێکخراوەکە ئەم هەنگاوەی فیفا بە خیانەتێکی گەورە ناو دەبات و فیدراسیۆنەکەی پێ تۆمەتبار دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو نرخی بلیتەکان راگەیێنراو و بۆ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان 140 وەکو هەرزانترین نرخی بلیت راگەیێنراوە.
 
هەرزانترین نرخی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، 4185 دۆلار دیارییکراوە و تاوەکو 8680 دۆلار دەڕوات، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرەڕای ئەوەی کە فیفا بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی داهاتوودا سیستمی گۆڕینی نرخ بەپێی خواست بەکاردەهێنێت.
 
هەردوو رێکخراوەکە لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، فیفا فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالی 2026ـی قۆرخکردووە و دەسەڵاتەکەی بەکارهێناوە بۆ سەپاندنی نرخ بەسەر هاندەراندا کە هەرگیز لە بازاڕێکی کێبڕکێکاردا قبوڵکراو نییە.
 
مۆندیالی 2026 رۆژی 11-6-2026 دەستپێدەکات، یارییەکانی لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچن، 48 هەڵبژاردە بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهاندا دەکەن و رۆژی 19-7-2026 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە