رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی ریال مەدرید باس لەوە دەکات کە ژووری جلگۆڕینی یانەی شاهانە دووچاری دابەشبوونێکی ئاشکرا بووەتەوە لەناو ژووری جلگۆڕیندا، ئەمەش دۆخێکە کە چیدەی شاراوە نییە لە دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ. بەشێک لە یاریزانەکان لایەنگری مانەوەی راهێنەرە باسكییەکە بوون، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە پێیانوابوو گۆڕانکاری پێویستە و پشتگیری بڕیارەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزیان دەکرد.
جەنگێکی نوێ لە ئاسۆدا دەردەکەوێت
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەرزی داهاتوو لە پۆستەکەی بەردەوام نابێت. ئێستا گفتوگۆکان لەناو یانەکەدا دەستیان پێکردووە دەربارەی ناسنامەی راهێنەرە نوێیەکە، لەنێوان جیاوازییەکی زۆری بیروبۆچوونی یاریزانەکاندا.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، تیبۆ کۆرتوا سەرکردایەتی بەرەیەک دەکات کە داوای راهێنەرێک دەکەن خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و دەسەڵاتێکی روون بێت، وەک یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی.
ئەم ئاراستەیە لەلایەن چەند ناوێکی دیارەوە پشتگیری دەکرێت وەک ئیدێر میلیتاو، ئەلڤارۆ کارێراس، و ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد. ئەمانە پێیانوایە پێویستە یاسای تووندتر لەناو تیپەکەدا جێبەجێ بکرێت، کۆتایی بە خاترگیریی تایبەتی هەندێک لە ئەستێرەکان بهێنرێت و چارەسەری سستی هێڵی بەرگری بکرێت.
بۆ ئەوان، گەڕانەوە بۆ کێبڕکێ لەسەر هەموو نازناوەکان پێویستی بە دیسپلینێکی تەواو هەیە، هەروەها کەمکردنەوەی پشووەکان و پێدانی دەسەڵاتی رەها بە راهێنەر، نەک ژووری جلگۆڕین.
بەرەیەکی پێچەوانە بەسەرکردایەتی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس
لە بەرامبەردا، کیلیان ئێمباپێ، لەگەڵ جود بێلینگهام، فیدی ڤاڵڤێردی، و بەتایبەتی ڤینیسیۆس جونیۆر ، راهێنەرێکیان پێباشترە کە کەسایەتییەکەی لە کارلۆ ئەنچێلۆتی نزیک بێت؛ واتا راهێنەرێک کە ئازادی زیاتر بداتە یاریزانەکان و پشت بەمتمانە و پەیوەندی ئەرێنی ببەستێت نەک تووندوتیژی رەها.
ئەم بەرەیە پێشوازی لە بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ کەسایەتییەکی تووندی وەک کلۆپ یان جۆزێ مۆرینیۆ ناکەن، لەبەر ترسی کەمکردنەوەی هەژموونی ئەستێرەکان لەناو تیپەکەدا و سەپاندنی بەرپرسیارێتی و گوشارێکی زیاتر بەسەریاندا.
بڕیارەکە لە دەستی پێرێزدایە
لە کۆتاییدا، قسەی کۆتایی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دەبێت، کە رووبەڕووی بڕیارێکی چارەنووسساز دەبێتەوە؛ ئایا ئەستێرەکانی تیپەکە رازی دەکات و هاوسەنگی ژووری جلگۆڕین دەپارێزێت؟ یان پڕۆژەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت کە دەسەڵاتی تەواو بۆ راهێنەر بگەڕێنێتەوە و دیسپلینی لەدەستچوو بچەسپێنێتەوە؟.
هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕوانن و تووڕەییەکی زۆر هەیە، هەر بڕیارێکی هەڵە لەوانەیە قەیرانێکی گەورەتر لەناو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا دروست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ