سۆرینام بە ژمارەیەک ئەستێرەی هۆڵەندییەوە، هەڕەشە لە خەونەکانی بۆلیڤیا و عێراق دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی سۆرینام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی سۆرینام، یەکێک لە نادیارترین هەڵبژاردەکانی تۆپی پێی جیهان، بەپێکهاتەیەکی تەواو هۆڵەندییەوە، دەیەوێت خەونی بۆلیڤیا و عێراق لە گەیشتنە مۆندیال لەناوببات.
 
سۆرینام پێشتر تەنیا وەک تەماشاچییەک و هاندەری هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەک هۆڵەندا لە یارییەکانی مۆندیالی دەڕوانی، بەڵام ئەمجارە چاوی لەوەیە خۆی ئامادەی رووداوە جیهانییەکە ببێت.
 
سۆرینام بچووکترین وڵاتی سەربەخۆی ئەمریکای باشوورە، لە هەڵکەوتەی جوگرافیدا دەکەوێتە نێوان گیانا و گیانای فەرەنسی و هاوسنووری بەرازیلە لە باکووری رۆژهەڵاتی کیشوەرەکەدا و بەسەر بەشێک لە دەریای کاریبیدا دەڕوانێت. دوایین سەرژمێریی دانیشتووان لە 2021 دەریخستووە کۆی 616،500 کەس لە وڵاتەکەدا دەژین.
 
سۆرینام وڵاتی دایکی چەندین ئەستێرەی گەورەی هۆڵەندییە، لە نێویاندا رۆد گۆلێت، فرانک رایکارد و کلارنس سیدۆرف، لە پاشکۆی پاڵاوتنی جیهان بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، سبەی پێنجشەممە، رووبەڕووی بۆلیڤیا دەبێتەوە و ئەگەر لەو یارییەدا سەرکەوتووبێت، بەرامبەر عێراق یارییدەکات، لەپێناو بەدەستهێنانی کورسییەکی مۆندیالە میوانداریکراوەکە لەلایەن ئەمریکا، مەکسیک و کەنەداوە.
 
سۆرینام دەیتوانی راستەوخۆ لە گەڕی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای ناوەڕاستەوە (کۆنکاکاف) بگاتە مۆندیال، ئەگەر لە دوایین گەڕدا بە گواتیمالا نەدۆڕایە کە بەهۆیەوە هەل بۆ پەنەما رەخسا بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال.
 
سۆرینام سوودی زۆری لە گۆڕینی یاساکانی پێدانی وڵاتینامە بینی و حکومەتی وڵاتەکە بڕیاریدا، وڵاتینامەی سۆرینامی بداتە ئەوانەی خاوەنی دوو وڵاتینامەن، بەوەش هەڵبژاردەی وڵاتەکە سوودی لە ژمارەیەک یاریزانی هۆڵەندی وەرگرت، کە ماڵباتەکانیان بنەچەیان دەچێتەوە سەر سۆرینام و خۆیان هۆڵەندین.
 
لە کۆی 26 یاریزان کە بەنوێنەرایەتی وڵاتەکە گەشتی مەکسیکیان کردووە بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکە، 22 یاریزانیان لە هۆڵەندا لەدایکبوون و یەکێکیان لە بەلجیکا.
 
لە کاتێکدا سێ یاریزانی دیکە کە لە سۆرینام لەدایکبوون، لە تەمەنێکی کەمدا بەرەو هۆڵەندا کۆچیان کردووە و تەنیا خلیلۆڤیلۆ ڤیلتێری هێرشبەر تاکە یاریزانە کە لە سۆرینام لەدایکبووبێت و هەر لەوێ گەورە بووبێت.
 
سۆرینام پێشتر و لەسەدەی شانزەدا کۆڵۆنیی هۆڵەندا بووە و ساڵی 1975 سەربەخۆیی وڵاتەکە لە هۆڵەندا راگەیێنرا.
 
هەڵبژاردەی ئێستای وڵاتەکە، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی پێشووی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی هۆڵەندا لە خۆدەگرێت، لە کاتێکدا جان پۆل بۆتیس، یارییەکەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئەنجامداوە، بەڵام لەبەرئەوەی دۆستانەبووە، توانی نوێنەرایەتیکردنی سۆرینام هەڵبژێرێت.
 
هێنک تن کاتی راهێنەری هۆڵەندی کە پێشتر سەرپەرشتی ئەیاکس ئەمستردامی کردووە و بنەچەی خۆی سۆرینامییە، سەرکردایەتی هەڵبژاردەکە دەکات لە دوو یارییەکەی پاشکۆی پاڵاوتن.
 
تن کات، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتوویەتی، "رووداوێکی خۆش دەبێت بۆ هۆڵەنداش، ئەگەر ئێمە بگەینە مۆندیالی داهاتوو، ئاهەنگ سەرانسەری وڵاتەکە دەگرێتەوە".
 
ئەو دەڵێ، بۆ دانیشتووانی سۆرینام، پاڵنەرێکی دەروونیی گەورە دەبێت، منیش زۆر لەوێ ژیاوم، دۆخەکە ئاسان نەبوو، هەموو کات وڵاتەکە و گەلەکە ئەرکیان ئاسان نەبوو.
 
تن کات بڕوای وایە کە هەڵبژاردەکەی، توانای گەیشتنە مۆندیالی هەیە، ئەو دەڵێ، "ئەگەر باوەڕ، بەسەرکەوتن نەبووایە، ئەرکەکەم وەرنەدەگرت، سۆرینام لە مۆندیال، ئەوە ئەو خەونەیە کە کاردەکەین لەپێناو بەدیهێنانیدا".
 
هەڵبژاردەی سەرکەوتوو لەو رێڕەوەی پاڵاوتنەکان کە لە نێوان سۆرینام، بۆلیڤیا و عێراق دەبێت، دەچێتە کۆمەڵەی نۆیەمی مۆندیال بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەریەکە لە فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە