رووداو دیجیتاڵ
لەنێو گەرمەی شەڕ و جەنگدا، هەڵبژاردەی ژنانی تۆپی پێی ئێران نەیتوانی دڵی هاندەرانی خۆش بکات و بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام بە هەڵبژاردەی ئوسترالیا دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
یارییەکە لە ئوسترالیا لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ژنان بەڕێوەچوو .
ئوسترالیا بۆ دووەمجار لە مێژوویدا،دوای ساڵی 2006، میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، یارییەکانی لە چەندین شاری جیاوازی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچن.
ئەم پاڵەوانێتییە بە گرنگترین رووداوی وەرزشیی تۆپی پێی ژنان لە کیشوەری ئاسیا دادەنرێت، چونکە جگە لە کێبڕکێ لەسەر نازناوی کیشوەرەکە، لە هەمان کاتدا وەکو قۆناخی پاڵاوتن بۆ دیاریکردنی ئەو هەڵبژاردانە خزمەت دەکات کە سەردەکەون بۆ جامی جیهانیی ژنانی فیفای 2027، کە بڕیارە لە بەڕازیل بەڕێوە بچێت.
بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد و دووەم یارییە لەسەر یەک دەدۆڕێ، یاری رابردووش بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام بە هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕا، هەڵبژاردەکە بێ هیچ خاڵ و هیچ گۆڵێک لە دوو یاریدا ماڵئاوایی کرد .
تۆپی پێی ژنان لەو چەند ساڵەی رابردوودا لە ئێران برەوی پێدراوە، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان بەڵام ژنانی ئێران دەیانەوێت ئاستیان لە تۆپی پێ بەرزبکەنەوە، بەڵام ئامانجیان لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا نەهاتەدی .
گۆڵەکانی هەڵبژاردەی ژنانی ئوسترالیا لەلایەن ئێمی سایەر، ماری فاولەر، دوو گۆڵیش ئەلانا کێنێدی تۆماری کرد .
لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە کۆمەڵەی یەکەم هەردوو هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و ئوسترالیا سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو .
هەڵبژاردەی ژنانی ئێران لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور یارییانکرد، ئەو یارییەشیان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاندبوو، بەمشێوەیە تیپەکە هەرچەند یارییەکی بەرامبەر فیلیپین ماوە، بەڵام ماڵئاوایی لە رکابەرییەکان دەکات، بەتایبەت کە کۆریای باشوور و ئوسترالیا هەردوو یاریی یەکەمیان بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ