رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەکە دیارنییە و دوای دۆڕانیان بەرامبەر ریال مایۆرکا، گومانی زۆر لەسەر داهاتووی راهێنەرەکە دروستبووە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، دوای دۆڕانی ریال مەدرید بەرامبەر مایۆرکا، بە ئەگەری زۆرەوە ریال مەدرید لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی لالیگا دوورکەوتەوە و دوای لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیاش، راهێنەرەکە لە بەردەم ئاڵنگارییەکی زەحمەتدایە و داهاتووەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە روون نییە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "هەلی مانەوەی ئەربێلوا، لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو بەندە بە ئەنجامەکانی یانەکەوە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا."
بەپێی سەرچاوەکە ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدرید هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە بەرامبەر مایۆرکا روویدا، لەکاتێکدا ڤینیسیۆس جونیۆر لەسەر کورسی یەدەگ بووە و راهێنەرەکە پشتی بە یاریزانی لاو بەستووە لە پێکهاتەی سەرەکی یارییەکەدا."
کارگێڕیی یانەکە ئەوەش لەبەرچاو دەگرێت، کە مانوێل ئەنخێل لە یارییەکەدا سەرەڕای گوشارەکان ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، 82 رۆژە بووەتە راهێنەری ریال مەدرید لە 18 یارییدا سەرپەرشتی یانەکەی کردووە، 13 بردنەوەی هەیە و 5 یاریی دۆڕاندووە، لە هیچ یارییەکدا یەکسان نەبووە.
ریال مەدرید لە یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا، ئەمە یانەکەی 7 خاڵ خستە دوای بارسێلۆنا یەکەمەوە و ئەرکی یانەکەی بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی لالیگا زۆر زەحمەتتر کرد.
بەمشێوەیە داهاتووی ئەلڤارۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید روون نییە، لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردنی ریال مەدرید لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ بڵاوکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ