بەهۆی 212 داواکاریی خواردنی دیلیڤەرییەوە، ئەستێرەیەکی فەرەنسا تووشی کێشەی گەورە بووە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەمیر نەسڕی، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا، دووچاری لێکۆڵینەوەیەکی وردی دەزگای باجی فەرەنسا بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو رایگەیاندووە لە دەرەوەی فەرەنسا دەژی، هەربۆیە باج نادات.
 
رۆژنامەی 'لیزیکۆ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، دەسەڵاتدارانی دەزگای باجی فەرەنسا، لایان روونە کە نەسڕی خانوویەکی لە پاریس هەیە، بەڵام ئەو گوتوویەتی لەو خانووەدا ناژی و لە دەرەوەی فەرەنسا دەژی، ئەوەش لەپێناو خۆدزینەوە لەباجەکانی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکە.
 
دەسەڵاتدارانی دەزگا فەرەنسییەکە، دەیانەوێت بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەوە، ئەو یاریزانەی پێشووی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی رووبەڕووی دادگاییکردن بکەنەوە، بەتۆمەتی خۆدزینەوە لە باج.
 
دەزگاکە لە لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەرخستنی خۆدزینەوەی نەسڕی لە باجەکان، بەدواداچوون و شیکردنەوەی بۆ شێوازی ژیانی ئەو یاریزانەی پێشوو کردووە و پشتی بەزانیاریی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەستووە و بۆی دەرکەوتووە، سەمیر نەسڕی، زۆرینەی کاتەکانی چەند ساڵی رابردووی ژیانی، لە نێو فەرەنسا بەسەربردووە، نەک لە دەرەوەی فەرەنسا.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، دەزگاکە سەرنجی لە شتێکی سەیر داوە، بۆی دەرکەوتووە، لە ماوەی ساڵی 2022دا، لە خانووەکەی سەمیرەوە لە پاریس کۆی 212 جار لە رێگەی کۆمپانیایەکی گەیاندنی خواردنی ئامادەوە، داوای خواردن لە چێشتخانە جیاوازەکانی پاریس کراوە.
 
دەزگاکە دەڵێ، کەسێک بەبەردەوامی نیشتەجێی ماڵەکەی خۆی نەبێت، لە ساڵێکدا کە 366 رۆژە، کۆی 212 جار داوای خواردن ناکات.
 
ئەگەرچی هێشتا روون نییە، وەڵامی سەمیر نەسڕی بۆ تۆمەتبارکردنەکەی دەزگای باجی فەرەنسا چییە، بەڵام ئەگەر ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، ئەوکات دەزگاکە داوای پارەی زۆری باخی نیشتەجێبوونی چەندین ساڵی رابردووی لێدەکات.
 
رۆژنامە فەرەنسییەکە دەڵێ، بڕی پارەی پێشبینیکراوی باجی سەپێنراو بەسەر نەسڕیدا دەگاتە نزیکەی 5،25 ملیۆن یۆرۆ، ئەوەش وەک باجی داهاتی نەدراوە لە نێوان 2020 تاوەکو 2022، ئەمە جیا لە 82 هەزار یۆرۆ وەک باجی ماڵوموڵک لە 2019 تاوەکو 2025.
 
لە چوارچێوەی هەمان ئەو لێکۆڵینەوانەدا و لە هەنگاوێکی دەستپێشخەردا، خەزێنەی گشتیی فەرەنسا، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ڤێلاکەی نەسڕی دەرکرد. هەروەها ئەژمارە بانکییەکانی ئەو یاریزانەی بلۆک کردووە. 
 
نەسڕی لای خۆیەوە تۆمەتبارکردنەکەی رەتکردووەتەوە و پێیوایە دەزگای گشتیی باجی فەرەنسا، بەهەڵە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسێیەکەیدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە