رووداو - هەولێر
یەکێک لەو پرسانەی بەمدواییە زۆر پرسیاری لەبارەیەوە کرا، ئەوبوو کە فیفا رێگە بە یاریزانانی لەدایکبووی ساڵی 1997 دەدات بەشداری لە پێشبڕکێی تۆپی پێی ئۆڵمپیادی تۆکیۆدا بکەن.
فیفا سەبارەت بە پێشبڕکێی تۆپی پێی ئۆڵمپیاد، کار بەو یاسایە دەکات کە هەر تیپێکی بەشداربوو لە ئۆڵمپیاد مافی ئەوەی هەیە تەنیا یاری بە 3 یاریزانی سەروو تەمەن 23 ساڵان بکات و هەموو ئەوانەی دیکە پێویستە تەمەنیان 23 یان خوار ئەو تەمەنە بێت.
بۆ ئۆڵمپیادی تۆکیۆ کێشەیەک لەو بارەیەوە هاتووەتە ئاراوە، ئەویش بەهۆی داواخستنی ئۆڵمپیاد بۆ هاوینی 2021 لەجیاتی 2020 بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، چونکە ئاو یاریزانانەی لەدایکبووی 1997ن تەمەنیان بۆ ئەمساڵ 23 ساڵ دەبوو، دەیانتوانی بەشداری لە ئۆڵمپیاددا بکەن، بەڵام لە هاوینی داهاتوودا تەمەنیان دەبێتە 24 ساڵ و بەپێی یاسا بۆیان نابێت بەشداری بکەن.
لە نووسراوێکدا کە فیفا بۆ یەکێتیی تۆپی پێی میسری ناردووە، دەردەکەوێت کە فیفا لەو بارەیەوە نەرمی نواندووە، چونکە لە نووسراوەکەیدا هاتووە "رێگە بە یاریزانانی لەدایکبووی 1997 دەدەین بەشداری لە پێشبڕکێی تۆپی پێی ئۆڵمپیادی تۆکیۆدا بکەن، بۆ پێیەی ئۆڵمپیادی تۆکیۆ لە بنەڕەتدا دەبووایە ساڵی 2020 بکرێت".
فیفا بێجگە لە یەکێتیی تۆپی پێی میسر، سەرجەم یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی دیکەشی لەو بڕیارەی ئاگادارکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ