رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سزایەکی نوێی بەسەر یانەی نەسڕی سعودیدا سەپاند و رێگەی پێنادات یاریزانی نوێ تۆماربکات، ئەمەش پێش کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانە لە مانگی 1ـی 2026، کە بێگومان کێشە بۆ یانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دروست دەکات.
دوێنێ هەینی فیفا لیستی فەرمیی خۆی نوێکردەوە و ناوی یانەی نەسڕی خستە نێو ئەو تیپانەی بۆیان نییە یاریزانی نوێ تۆمار بکەن. ئەو بڕیارە لە 19ـی مانگی 12ـی 2025ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. سزاکەی فیفا کاتێکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە و تەنیا نووسراوە "تاوەکو ئەو کاتەی لادەبرێت"، ئەمەش نیگەرانیی لای بەرپرسانی یانە سعودییەکە دروستکردووە بۆ رێکخستنی تیپەکەیان لە نیوەی دووەمی وەرزدا.
نەسڕ تەنیا نییە لەم سزایەدا، بەڵکو یانەکانی دیکەی وەک شەباب، زەمک و ریاز لە لیستی سزاکانی فیفادا دەبینرێن. ئەمە یەکەمجار نییە یانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە؛ لە مانگی 7ـی 2023 بەهۆی کێشەیەکی دارایی پەیوەست بە گواستنەوەی ئەحمەد موسا لە یانەی لیستەر سیتی، سزایەکی هاوشێوەیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام یانەکە بەخێرایی و بە پارەدان کێشەکەی چارەسەر کرد. پێدەچێت ئەمجارەش کێشەکە دارایی بێت و دوای پێدانی پابەندییەکان سزاكە لاببرێت.
سەرەڕای ئەم کێشانە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەردەوامە لە درەوشانەوە و لەم وەرزەدا لە 12 یارییدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە.
رۆناڵدۆ تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ نەسڕ هەیە و ئامانجی گەیشتنە بە 1000 گۆڵ. ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە دووپاتی کردەوە مۆندیالی 2026 دوایین وێستگەی دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گوتی "هەست بەباشی دەکەم و هێشتا خێرام، بەڵام مۆندیالی داهاتوو دەبێتە دوایین وێستگەم، چونکە تەمەنم دەبێتە 41 ساڵ".
بڕیارە رۆژی 24ـی مانگی 12ـی 2025 یانەی نەسڕ لە چوارچێوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی دووی ئاسیا رووبەڕووی یانەی زەورای عێراقی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ