هانزی فلیک، چارەنووسی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا یەکلاکردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن هانزی فلیک یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، چارەنووسی خۆی لەگەڵ تیپەکە بۆ دوو ساڵی داهاتوو یەکلاکردەوە و رایگەیاند ویستی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە هەیە.
 
گرێبەستی فلیک لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، میدیاکان باس لە هەوڵی یانەکە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکە دەکەن، بەڵام ئاماژە بەهەندێک مەرجی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە دەدەن.
 
فلیکی باسی هیچ مەرج و داواکارییەکی نەکرد لە کاتی باسکردنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا، تەنیا دووپاتیکردەوە لە بارسێلۆنا هەست بەدڵخۆشیی دەکات.
 
فلیک کە لەگەڵ تیپەکەی، ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ڤیاڕیال دەبێتەوە، لە دوایین یاریی ساڵدا، گوتی "من بەهۆی سەرۆک، خوان لاپۆرتاوە لێرەم، زۆریش دڵخۆشم. ئەو متمانەیەی لەلایەن ئەو و یانەکەوە بەدەستم هێناوە، زۆر گرنگە".
 
خاوەنی دووانەی وەرزی رابردوو، لالیگا و جامی شا لەگەڵ یانەکە دووپاتیدەکاتەوە دڵخۆشییەکانی لە یانەکە، لە خۆیەوە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو تیمەکەی و دەڵێ، "هەموو ئەندامانی تیمەکەم هەست بەهەمان متمانە دەکەن و زۆر باشە کاتێک دەیبینین. دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا چی روودەدات".
 
فلیک کۆتایی بەمشتومڕەکان هێنا، کاتێک گوتی "بۆمن ناوازەیە ئەگەر ساڵ و نیوێکی دیکە لێرە بمێنمەوە".
 
راهێنەری بارسێلۆنا، هەروەها باسی لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر ڤیاڕیال کردووە و دەڵێ، "هەموو یارییەک گرنگترینە، هەموو یارییەکیش قورسە، هەموو کات دۆخەکە بەو شێوەیەیە. بەڵام بێگومان ئێمە بەرامبەر تیپێکی مەزن یارییدەکەین، فەلسەفەیەکی روون و کوالیتییەکی بەرزی هەیە. شێوازی یارییکردنیان راستەوخۆیە. من بەڕاستی چێژ لە تەماشاکردنیان وەردەگرم. پیرۆزبایی لە راهێنەرەکەیان دەکەم، ئەوان تیپێکی ناوازەیان هەیە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆر گەشەیان کردووە، ئاستی ناوازەیان پێشانداوە".
 
فلیک گاڵتەی بە دەستنیشانکردنی باشترین پێکهاتەی ساڵ لەلایەن فیفاوە کرد، لە کاتێکدا رافینیای کاپتنی بارسای تێدا نەبوو. ئەو دەڵێ، "من هیچ بایەخ بەوە نادەم کە لەبارەی باشترین یاریزانەوە دەگوترێت، یان کامە باشترین پێکهاتەیە. بەڵام ئەو لیستی باشترین یانزە یاریزانەی فیفا، مەهزەلەیە. کاتێک دەبینم رافینیای لەنێودا نییە، شۆک دەبم. رافینیا کاریگەرترین یاریزانی وەرزی رابردوو بوو، هەروەها لە چامپیۆنزلیگیش. پێموایە 22 گۆڵی تۆمارکرد. ئەگەرچی من شارەزای ژمارەکان نیم، بەڵام پێموایە 22 گۆڵی تۆمارکرد، ئەو باشترینی چامپیۆنزلیگ بوو".
 
لە هەڵسەنگاندنی ساڵی 2025دا، هانزی فلیک دووپاتیدەکاتەوە کە هێشتا دەیەوێت کاری باشتر لەگەڵ یانەکە بکات. "ساڵەکەمان، ساڵێکی ناوازە بوو، ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ من، تیپەکە، یانەکە و هاندەرانیش. ئەوە کارێکی نایابە کە ژیانم لێرەیە لە بارسێلۆنا. من زۆر دڵخۆشم،. بەڵام ئەوە بووە رابردوو. ئێستا ئێمە دەبێ تاوەکو کۆتایی وەرز کاربکەین. بۆ ئێمە کار ئەو شتەیە کە بەردەوام دەتوانین بیگۆڕین. ئەمساڵیش ئامانجمان هەیە و بەتەواوی بۆی ئامادەین. بێگومان ئەو نازناوانەی وەرزی رابردوو بەدەستمان هێنان زۆر تایبەت بوون، بەڵام دەبێ بەردەوام بین و هەر بەردەوامبوونیشمان دەوێت".
 
بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی ئەمشەو، یارییەکی کەمتر لە ریال مەدرید ئەنجامداوە و بە 43 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە و تەنیا یەک خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە