یەکەم پڕیشکی ئاگری شەڕ گەیشتە نێو ماڵی بارسێلۆنا

05-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێرشتیگن خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکەم پڕیشکی ئاگری شەڕ گەیشتە نێوماڵی بارسێلۆنا و ئەگەر هەیە پەرەبسێنێت و یانەکە کێشەی گەورەی بۆ دروست ببێت لەڕووی ناونووسکردنی یاریزانە نوێیەکان.
 
پەیوەندیی نێوان گۆڵپارێزی ئەڵمانی، مارک ئاندرێ تێرشتیگن و کارگێڕیی بارسێلۆنا بە قۆناخێکی هەستیار و بێ پێشینەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا کەوتنە ناکۆکییەکی یاساییەوە کە لەوانەیە لێکەوتەی وەرزشی و ئابووری بۆ یانە کەتەلۆنییەکە هەبێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، تێرشتیگن رەتیکردووەتەوە واژۆ لەسەر بەڵگەنامەیەک بکات کە ماف بە یانەکە دەدات راپۆرتی پزیشکیی دۆخی تەندروستییەکەی دوای نەشتەرگەرییەکەی بۆ لیژنەی پزیشکیی لالیگا بنێرێت. ئەمەش هەنگاوێکی سەرەکی بوو کە بارسێلۆنا پشتی پێدەبەست بۆ تۆمارکردنی گۆڵپارێز خوان گارسیا لە ریزی تیپی یەکەمدا لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە بڕگەی "پێکانە درێژخایەنەکە" کە رێگە دەدات بە بەکارهێنانی 80٪ـی مووچەی یاریزانە پێکراوەکە لە چوارچێوەی "یاساکانی یاریی دارایی خاوێن".
 
سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە کە بڕیارە یاساییەکەی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لە چوارچێوەی پاراستنی زانیارییە پزیشکییە کەسییەکاندایە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە دۆسێیەکە ئاراستەی تیمی یاسایی خۆی بکات بەمەبەستی کردنەوەی رێکاری سزایی فەرمی دژی شتیگن، بەبیانووی ئەوەی کە رەفتارەکەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی یانەکە و هاوکارەکانی دەگەیێنێت، بەتایبەتی خوان گارسیا کە چاوەڕوانی تۆمارکردنیەتی پێش دەستپێکی وەرز.
 
ئەو راپۆرتە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمە کارێکی بێ پێشینەیە لە مێژووی یانەکەدا، چونکە پێشتر رووینەداوە هیچ یاریزانێک رەتیبکاتەوە زانیارییە پزیشکییەکانی لە بارودۆخێکی وەهادا هاوبەش بکات. 
 
پێشتریش بارسێلۆنا بەحاڵەتی هاوشێوەدا تێپەڕیوە لەگەڵ ئاندریاس کریستنسن و رۆناڵد ئاراوخۆ، کە لەوکاتەدا لیژنەی پزیشکیی لالیگا رێگەی بە بارسێلۆنا دا بەتۆمارکردنی یاریزانی نوێ دوای سەلماندنی درێژیی ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانە پێکراوەکان.
 
قەیرانەکە ئاڵۆزتر بوو دوای ئەوەی تێرشتیگن سووربوو لەسەر خەمڵاندنی کاتی گەڕانەوەی، کاتێک لە بڵاوکراوەیەکدا کە خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، ماوەکەی تەنیا بە سێ مانگ دیاری کرد. ئەمەش پێچەوانەی خەمڵاندنەکانی دەستەی پزیشکیی بارسێلۆنایە، کە پێیانوایە ماوەی دوورکەوتنەوەکەی لەوانەیە تاوەکو پێنج مانگی تەواو درێژ ببێتەوە، کە ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ بەکارهێنانی بەشێک لە مووچەکەی بۆ ئاسانکاریی تۆمارکردنی یاریزانە نوێیەکان.
 
کارگێڕیی یانەکە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بە تاکڕەوی لە بڕیاردان تۆمەتبار دەکات، هەر لەو ساتەوەی بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی نوێی داوە بەبێ گەڕانەوە بۆ یانەکە، تەنانەت وردەکاریی بڕیارەکەی و خەمڵاندنی ماوەی دوورکەوتنەوەکەشی بەئاشکرا بڵاوکردووەتەوە.
 
لەکاتێکدا یاریزانەکە سوورە لەسەر مافە یاساییەکەی، کارگێڕیی بارسێلۆنا پێیوایە کە ناوبراو پابەندبوونی هەیە بەپێی گرێبەستەکەی، لەوانەش هاوکاریکردنی یانەکە لەو دۆسێیانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی دارایی و رێکخستنی یانەکە هەیە. کە بێگوامان رەتکردنەوەکەی لەلایەن شتیگنەوە لەوانەیە ببێتە هۆی گرتنەبەری رێکاری سزایی ناوخۆیی و لەوانەیە یاساییش، ئەگەر زیانی راستەوخۆ بسەلمێنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە