کارلۆ ئەنچێلۆتی: مۆرینیۆ کاری مەزن بۆ ریال مەدرید دەکات و نامەوێت لە یاریگادا سەربازم هەبێت

56 خولەک له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی هەڵبژاردەی بەرازیل ریال مەدرید نەیمار داسێلڤا جۆزی مۆرینیۆ جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، بەرگری لە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید کرد و ئاماژەی بەکێشەکانی یانەکە کردووە.
 
ئەنچێلۆتی هاوینی رابردوو دەستی لە مەشقدانی یانەی ریال مەدرید هەڵگرت و روویکردە بەرازیل، بۆ مەشقدانی سیلیساو کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات.
 
ئەنچێلۆتی لەبارەی پێویستیی راهێنەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانانی ریال مەدرید لە ژووری جلگۆڕیندا دەڵێ، "من هەمیشە وامدەکرد، هەوڵمدەدا پەیوەندیی مرۆیی لەگەڵ یاریزانەکان دروست بکەم، نەک پەیوەندیی راهێنەر و یاریزان، لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا ئەوان مرۆڤن، بەرلەوەی یاریزانی تۆپی پێ بن".
 
ئەو دەڵێ کێشە لە ریال مەدرید پەیوەندی بەنەمانی کەسایەتیی سەرکردە هەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو. "نەوەی کۆنی تیپەکە پێویستی بەبونیادنانەوە هەیە. ریال مەدرید یاریزانانی گرنگی وەک کاسێمیرۆ، تۆنی کرووس، لوکا مۆدریچ، کەریم بنزیما و ناچۆ فێرناندێزی لەدەستداوە. کەشی ژووری جلگۆڕین بەبوونی ئەو یاریزانانە باش دەبێت کە کەسایەتیی بەهێز و پێشەنگ و سەرکردەیان هەیە".
 
روونیکردووەتەوە، "ریال مەدرید پێویستی بەکاتە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەوە رۆحەی لە تیپەکەدا هەبوو و بەهۆیەوە ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەستهێنا".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە، بەتەواوی ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن ئەستێرەکانی ریال مەدرید رەتیدەکەنەوە پابەندی پلانە تاکتیکییەکانی راهێنەرانی یانەکە بن.
 
ئەو دەڵێ، "نەخێر.. نەخێر.. نەخێر، ئەو قسەیە زۆر بێبنەمایە و هیچ راستییەکی تیدا نییە، قسەیەکی زۆر بەتاڵە، بەهیچ شێوەیەک راست نییە".
 
کارلیتۆ روونیکردووەتەوە، "من خۆم کاتێک بیرۆکەیەکی تاکتیکیم هەبووایە، بەر لە هەر شت، لەگەڵ یاریزانەکان قسەم لەبارەوە دەکرد، بۆ ئەوەی بزانم ئەوان بڕوایان پێیەتی یان نا. ئێمە تەنانەت بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیش هەمان شتمان دەکرد".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە پلانمان نەبوو، بەپێچەوانەوە، ئێمە ستراتیجێکی بەهێزمان هەبوو، بەبەڵگەی ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵدا، دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگمان بردەوە. یاریزانەکان زۆر پابەندبوون بە پلانی یارییکردنەوە".
 
ئەنچێلۆتی دووپاتیکردووەتەوە، قسەکردن لەگەڵ یاریزانان، بنەمایەکی سەرەکیی فەلسەفەی کارکردنی ئەوە وەک راهێنەر و دەڵێ، "قسەکردن لەگەڵ یاریزانان لەبارەی تاکتیکەوە، بەشێکی سەرەکیی کاری راهێنەرایەتیم بووە بەدرێژایی کاروانی کارکردنم. لەبەرئەوەی من زۆر بیرۆکەم پێدەگەیشت و دەبوو باشترین دەستنیشان بکەم".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی کە کاروانێکی درێژی لە خولە گەورەکانی ئەورووپادا بەڕێکردووە، نموونەی گوێگرتن لە یاریزانان بە ئاندریا پێرلۆ دەهێنێتەوە و دەڵێ، "پێرلۆ رۆژێک لە رۆژان پێیگوتم، بمکە بەیاریزانی چەق، دەتوانم ئەو کارە بەباشی ئەنجام بدەم".
 
کارلۆ بەرگری لە بۆچوونی خۆی لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانان دەکات و دەڵێ، "قسەکردن لەگەڵ یاریزانان مانای لاوازیی کەسایەتیی راهێنەر نییە، بەڵکو ئەوە هەنگاوێکی پێویستە، لەبەرئەوەی من دەبێ بیرۆکەکانی خۆم لە تۆپی پێدا بۆ ئەوان بگوازمەوە، من نامەوێت لە یاریگەدا سەربازم هەبێت، بەڵکو دەمەوێت ژمارەیەک یاریزانم هەبێت، کە بڕوای سەداسەدیان هەبێت بەوەی پێویستە لە یاریگادا چی بکەن".
 
ئەنچێلۆتی لە هەمان چاوپێکەوتندا، هەڵوەستەی لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، وەرزەکەی ریال خراپ بوو. مۆرینیۆی بەهاوڕێی نزیکی خۆی ناوبردووە و دەڵێ، "زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر ئەو بگەڕێتەوە بۆ ریال مەدرید، دەتوانێ کاری ناوازە بکات، وەکئەوەی چۆن پێشتر لە هەموو ئەو یانانە کردوونی کە مەشقیداون".
 
راهێنەری بەرازیل هەروەها هەڵوەستەی لەسەر بانگهێشتکردنی نەیمار داسێلڤا بۆ ریزەکانی بەرازیل لە مۆندیالی داهاتوو کردووە، دەڵێ، نەیمار هێشتا بەهرەیەکی ناوازەی هەیە.
 
ئەو پێیوایە، "نەیمار بەهرەمەندێکی مەزنە، ناکرێ تەنیا لەسەر توانای کۆنترۆڵکردنی تۆپ و پاسدان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بکەین، بەڵکو دەبێ تەماشای توانای جەستەیی بکەین".
 
لەبارەی بەرازیلەوە، کارلیتۆ دەڵێ، "تیپێکی باشمان هەیە و دەتوانێت رکابەریی هەموو هەڵبژاردەکان بکات. بەڵام هەڵبژاردەی دیکەی بەهێزی وەک فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و پۆرتوگالیش هەن".
 
گەیشتن بەنازناوی مۆندیال، دوایین قسەی ئەنچیلۆتییە لە چاوپێکەوتنەکەیدا و ئەو دەڵێ، "تەماشای هەموو هەڵبژاردەکانم کردووە، هیچ هەڵبژاردەیەکی نموونەیی نییە، هەمووان بەشی خۆیان کێشەیان هەیە، ئێمەش لە بەرازیل کامڵ نین لە هەموو هێلەکاندا و کێشەمان هەیە. ئەو هەڵبژاردەیەی نازناوەکە دەباتەوە هەڵبژاردەی نموونەیی نییە، بەڵکو ئەو هەڵبژاردەیەیە کە بەهێزترین دەردەکەوێت و توانای تێپەڕاندنی هەڵەکانی خۆی هەیە".
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی ئەمساڵ لە کۆمەڵەی سێیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلاند یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە