رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن مۆرینیۆ بگەڕێتەوە ریال مەدرید و ببێتەوە راهێنەری یانەکە، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز رەتیدەکاتەوە ئەو بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەران بدات.
پێرێز لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینیۆ، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا مۆرینیۆی خۆشدەوێت؟ گوتی "من هەموو راهێنەرەکانم خۆشدەوێت، ئەو لە نێوان 2010 بۆ 2013 لەگەڵمان بوو، ئاستی رکابەریی ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، دوای رۆیشتنیشی ئێمە چەند نازناوێکی چامپیۆنزلیگمان بردەوە".
فلۆرێنتینۆ پێرێز، لەبارەی ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەر دەدات، گوتی "ئەوە بەهیچ شێوەیەک راست نییە، من نیم کە راهێنەرەکان دەستنیشان دەکەم، ئێمە کارگێڕیی وەرزشیمان هەیە و ئەوان بڕیار دەدەن، رۆڵی من سنووردارە لە پاڵپشتیکردنی کاری دامەزراوەیی".
سەرۆکی ریال مەدرید بە پێکەنینەوە گوتی "ئێوە زۆر قسە لەبارەی مۆرینیۆوە دەکەن، تەنانەت ئەو کاتەش قسەم لەگەڵی نەکرد کە بۆ چامپیۆنزلیگ وەکو راهێنەری بێنفیکا هاتە بێرنابیۆ".
ئەم قسانەی سەرۆکی ریال مەدرید لەکاتێکدایە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مۆرینیۆ راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرز گرێبەستەکەی رادەگەیێنرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ