رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پەیامێکی بۆ مێرخاس دۆسکی، بەرگریکاری یانەی ڤیکتۆریا پڵزن ناردووە و داوای لێدەکات لە یارییەکانی یۆرۆپالیگ باشترین ئاست پێشکێش بکات، بەتایبەت کە یاریزانەکە لە هەفتەیەکی چارەنووسسازدایە بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانە چیکییەکە.
ئارنۆڵد دەڵیت "درەوشانەوە لە یارییەکەی پۆرتۆ گرنگییەکی زۆری بۆ تۆ دەبێت". ئەمە دەسپێکی پەیامەکەی گراهام ئارنۆڵد بوو بۆ مێرخاس دۆسکی، راهێنەرە ئوسترالییەکە داوای لە بەرگریکارە کوردەکە کردووە بەوپەڕی وردییەوە یاری بکات و وا هەست بکات لە یاریی پاشکۆ بۆ گەیشتن بە مۆندیال یاریی دەکات، چونکە ئارنۆڵد باش دەزانێت مێرخاس یەکێکە لە یاریزانە هەرە گرنگەکان بۆ سەرکەوتنی عێراق بەرەو مۆندیال.
مێرخاس دۆسکی، بەرگریکاری چەپی تەمەن 26 ساڵ، ئاستێکی ناوازە پێشکەشدەکات و پێش چوونە ناو رکابەرییەکانی ئەم هەفتەیەی یۆرۆپالیگ. دۆسکی دەیەوێت لە دوو یاری داهاتووی بەرامبەر پۆرتۆ و بازل، کە لە رۆژانی 22 و 29ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن، متمانەی راهێنەر بەدەستبهێنێت و لە پێکهاتەی سەرەکیدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
ئەو یاریزانە لە 1ـی مانگی 1ـی 2025ـەوە پەیوەندی بە ڤیکتۆریا پڵزن کردووە و گرێبەستەکەی تاوەکو 31ـی مانگی 12ـی 2027 بەردەوام دەبێت. دۆسکی دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ، بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە گەڕاوەتەوە ناو مەشقەکان، چونکە دەزانێت درەوشانەوە لەم دوو یارییەدا دەرگای نوێی لەسەر ئاستی ئەورووپا بۆ دەکاتەوە و پێگەی لە هەڵبژاردەی عێراق بەهێزتر دەکات.
یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی دۆسکی دەبێتەوە، پەیڕەوکردنی پلانی 3-5-2ـە لەلایەن راهێنەر و دەستەی هونەری یانەکەیەوە، چونکە لەم شێوازەدا زیاتر پشت بە یاریزان پرینس ئەدۆی یاریزانی گانی دەبەسترێت. بەڵام یاریزانە کوردەکە سوورە لەسەر ئەوەی مەشقەکان بە چڕی ئەنجام بدات و بۆچوونی راهێنەر سەبارەت بە یاریپێنەکردنی بە سەرەکی بگۆڕێت
دۆسکی لەم وەرزەی خولی نایابی چیکی بەشداری لە 16 یاریدا کردووە، گۆڵێکی تۆمارکردووە و گۆڵێکی دیکەشی دروستکردووە، هەروەها لە 4 یاری یۆرۆپالیگدا خاوەنی یەک ئەسیستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ