لوکا زیدان: جەزائیر وڵاتەکەمە

06-01-2026
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا زیدان هەڵبژاردەی جەزائیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکای کوڕی زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسی، کە وەک گۆڵپارێز یاری بۆ هەڵبژاردەی جەزائیر دەکات، رایگەیاند کە مایەی شانازییە یاری بۆ وڵاتەکەی بکات، هەروەها گوتی "جەزائیر خاوەنی باشترین هاندەرە لە جیهاندا".
 
لوکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند "دڵخۆشم کە لێرەم. جێگەی شانازییە بۆ من کە دەتوانم نوێنەرایەتی وڵاتەکەم بکەم و لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا یاری بکەم. ئەزموونێکی گەورەیە. نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەت خۆی لەخۆیدا شتێکی شکۆدارە و سەرچاوەی شانازییە بۆ من. 
 
کوڕی زینەدنین زیدان، پەسنی اهندەرانی جەزائیری دا و گوتی "دەبێت ئەوە بڵێین کە ئێمە خاوەنی باشترین هاندەرین لە جیهاندا، ئەوان لە پشتمانن و لە هەموو یارییەکدا پاڵپشتیمان دەکەن، و بەڕاستی شتێکی ناوازەیە کە ئەوانمان لەگەڵدایە".
 
لوکا باسی کاریگەری نێوبانگی خێزانەکەی لەسەر کاروانە وەرزشییەکەی کرد و گوتی "بەچاوپۆشین لەوەی لە خێزانێکی بەنێوبانگم، هەوڵ دەدەم خۆم بم، و کاروانی وەرزشی خۆم بە مەرج و شێوازی خۆم بنیاد بنێم لێرە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی. هەوڵ دەدەم تا دەتوانم یارمەتی تیپەکە بدەم بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، لە ئاستی یانەشدا هەر بەو شێوەیەیە. بۆیە هەوڵ دەدەم هەنگاو بە هەنگاو کاروانی وەرزشیم بنیاد بنێم".
 
لوکا لەبارەی ئامادەبوونی دایک و باوک و براکانی لە یارییەکانی جەزائیردا بۆ هاندانی ئەو قسەی کرد و گوتی "هەمووان دەزانن کاتێک خێزانی یاریزانەکان ئامادە دەبن بۆ هاندانیان، شتێکی تایبەتە. گرنگە کە ئەوان لەپشتمان بن. خێزانەکەشم بۆ بینینی من لەم جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە هاتوونەتە ئێرە. بۆیە دڵخۆشم کە لێرەن و پاڵپشتیم دەکەن".
 
ئەو هەروەها گوتی "تۆپی پێی ئەفریقا کەمێک جیاوازە. ئەمە ئەزموونێکی نوێیە بۆ من، بۆیە بۆ فێربوون باش بوو، دڵخۆشم کە لێرەم و دەتوانم لەم جامی نەتەوەکانی ئەفریقایەدا یاری بکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە