گرێبەستەکانی بارسێلۆنا لە هاوینی داهاتوودا ئاشکرابوون

06-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا مێرکاتۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بژاردەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیاندا لە میرکاتۆی هاوینەدا ئاشکرا دەکات.
 
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە دوایین کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا، دوای دۆڕاندنەکەی بەرامبەر جیرۆنا، یەکلاکەرەوە بوو، بەو پێیەی گوتی "پێویستە وەرزی داهاتوو زۆر شت بگۆڕین، کاتی ئەوە هاتووە دیکۆ و سەرۆک خوان لاپۆرتا بینین چیمان دەوێت و دەتوانین چی بکەین".
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا بارسێلۆنا بەنیازە 3 یان 4 یاریزان بگوازێتەوە کە لە وەرزی نوێدا پەیوەندی بە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەوە بکەن.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشینە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی سەرەکی لەبەردەم هێڵی بەرگریدا دەمێنێتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی سێرخیۆ بوسکێتس.
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە "بژاردەی یەکەم جوشوا کیمیچی یاریزانی ئەڵمانی تەمەن 29 ساڵە لە بایرن میونشن و مارتن زۆبیمێندی تەمەن 25 ساڵ لە ریال سۆسیداد".
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە کیمیچ یاریزانێکە لای چاڤی بەها و گرنگییەکی زۆری هەیە، تەنانەت هاوینی رابردووش قسەیان کرد، بەڵام گرێبەستەکە تەواو نەبووە، ئێستا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی باڤاری ماوە و دەیەوێت پێش یارییەکانی یۆرۆی 2024 داهاتووی خۆی دیاری بکات، کە ئەگەری هەیە بە نرخێکی گونجاو بڕوات، وەک لیڤاندۆڤسکی پێش ئەوەی پەیوەندی بە بارساوە بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە زوبیمێندی لەلایەن زۆر لە یانە گەورەکانی ئینگلتەراوە بایەخی پێدەدرێت، گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 لەگەڵ ریال سۆسیداد کۆتایی دێت، هەروەها مەرجی سزایی 60 ملیۆن یۆرۆیە، کە وەرزی رابردوو رەتیکردەوە ریال سۆسیداد جێبهێڵێت، چونکە خەونی یاریکردن بوو لە چامپیۆنزلیگ.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی راپۆرتەکەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، چاڤی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەریش بکات، بژاردەی یەکەمیش بۆ ئەم شوێنە بێرناردۆ سێلڤای ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر سیتییە.
 
ئەم وەرزە کارەساتبار بوو بۆ بارسێلۆنا، چونکە هەموو نازناوەکانی لەدەستدا، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو 2022-2023 بە جیاوازییەکی باش لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، هەروەها پێش ئەوەش جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە