رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی شوێنگرەوەی کایل واکەری دۆزیووەتەوە و هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی دەستپێکردووە.
یانەی مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی دەستبەرداری کایل واکەر بوو، چاوی لە تواناکانی دێنزێل دومفریس، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلانە و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی مانچێستەر سیتی گفتوگۆکانی لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان دەستپێکردووە و دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنی قۆناخی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی یەکلابکاتەوە.
هاتنە سەرهێڵی مانچێستەر سیتی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو میدیای ئیسپانیا رایانگەیاندبوو، کارگێڕیی یانەی بارسێلۆناش بیر لە گواستنەوەی یاریزانەکە دەکاتەوە.
دێنزێل دومفریس، تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 25 ملیۆن یۆرۆیە و تاوەکو 15-7 کار بە مەرجەکەی دەکرێت.
دێنزێل دومفریس، وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان پێشکێشکرد، رۆڵێکی گەورەی بینی لە گەیشتنی یانەکە بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەکە نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە، یاریزانەکە بیر لە تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ دەکاتەوە و دەیەوێت بچێتە دەرەوەی ئیتاڵیا.
ئاستبەرزیی یاریزانەکە و هەرزانی نرخەکەی لە بازاڕدا پاڵنەری گواردیۆلان بۆ پەسەندکردنی بیرۆکەی گواستنەوەی دومفریس، جگە لەوەش یاریزانەکە لەرووی هێرشبەرییەوە توانایەکی زۆرباشی هەیە و دەتوانێت هاوکاریی هێڵی پێشەوەی یانەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ