لامین یامال بڕیارێکی بە بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە

06-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا لامین یامال مارک کاسادۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، سەلماندی کە لەومەودوا حسابی زۆری بۆ دەکرێت، دوای ئەوەی بە روونی و رەوانی بە هانزی فلیکی راهێنەر و کارگێڕیی یانەی کەتەلۆنی گوتووە نابێت دەستبەرداری مارک کاسادۆ ببن.
 
مارک کاسادۆ یەکێکە لەو ناوانەی کە لە وەرزی رابردوودا بە هێمنی و دوور لە دەنگەدەنگی میدیایی وەک یاریزانێکی گەورە لە ئاست و بیرکردنەوە دەرکەوت.
 
سەرەڕای کەمیی بەشدارییەکانی لەنیوەی دووەمی وەرزدا، بەڵام ئامادەبوونی لە راهێنانەکان و ئاستی لە سەرەتای وەرزدا، رێزێکی زۆری لەناو ژووری جلگۆڕیندا بۆ پەیداکرد.
 
لەکاتێکدا کە کارگێڕیی بارسێلۆنا بەنیازە بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڕی مووچەکان و کردنەوەی شوێن بۆ گرێبەستی نوێ چەند یاریزانێک بفرۆشێت، ناوی کاسادۆ وەک یەکێک لە بژاردەکان بۆ رۆیشتن دەرکەوت، بەڵام سوپرایزەکە لە قەبارەی رەتکردنەوە ئەم بڕیارە بوو لەلایەن ژووری جلگۆڕینەوە.
 
سەرچاوە نزیکەکان لە تیپی یەکەمەوە دووپاتیدەکەنەوە کە چەندین یاریزانی بارسێلۆنا بەسەرکردایەتی لامين یامال، بەڕاشکاوی پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ مانەوەی کاسادۆ دەربڕیوە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "لامين تەنیا بە هەڵوێستی کەسیی خۆی وازی نەهێناوە، بەڵکو پەیامەکەی بە دەستەی هونەری و کارگێڕیی گەیاندووە و گوتوویەتی نابێت دەستبەرداری کاسادۆ ببن".
 
تاوەکو ئێستا راهێنەر هانزی فلیک هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر داهاتووی یاریزانەکە نەداوە، بەڵام ئاماژەکانی کەمپی هونەریی یانەکە، رێزێکی گەورە بۆ پێگەی ئەو لەناو تیپەکەدا نیشان دەدەن.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، دوای داواکاریی لامین و هاوڕێکانی، کارگێڕیی یانەکە دوودڵە لە بڕیاردان و لەوە دەترسن فرۆشتنی کاسادۆ ناڕەزایی و کێشە لەنێو ژووری جلگۆڕیندا دروست بکات، بۆیە پێیان باشە واز لەو بیرۆکەیە بێنن.
 
سەبارەت بە خودی یاریزانەکە، دەگوترێت چەندین دەستەوارەی لە یانەکانی دیکەوە بۆ هاتووە و هەمووانی رەتکردووەتەوە و سوورە لەسەر مانەوەی لەو یانەیەدا کە تێیدا پێگەیشتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە