هانزی فلیک دەیەوێت یاریزانێکی لە بارسێلۆنا دەربکات

06-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک مارکوس راشفۆرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵ ئاشکرایکردووە کە هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە ئاستی یاریزانێکی بێئومێد بووە و دەیەوێت هەر لە ئێستاوە لە تیپەکەی دەربکات.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە فلیک بەهۆی ئاستی مارکوس راشفۆردەوە کە تازە پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بووە. لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان لەم یاریزانە زۆربوون، کە بڕیاربوو دەستبەجێ گۆڕانکاری دروست بکات و ببێتە کلیلێک لە هێڵی هێرشبردنی بلاوگرانا، بەڵام واقیعەکە جیاواز بوو.
 
سەرەڕای دەستپێکێکی باش لە مەشقەکان و یارییە دۆستانەکاندا، ئەم ئەستێرەیە نەیتوانی بەشێوەیەکی باش تواناکانی خۆی بسەلمێنێت لەگەڵ دەستپێکردنی وەرز. ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای دەستەی هونەری و کارگێڕی ورووژاندووە، کە پێیانوایە یاریزانەکە ئەو سوودەی بۆ تیپەکە نابێت کە پێشبیبنییان دەکرد.
 
کێبرکێ لە هێڵی هێرشبرندا لە بارسێلۆنا تووندە و راشفۆرد تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە توانای خۆی بسەلمێنێت، ئەمەش وایکردووە ئارامگری هانزی فلیک سنووردار بێت، بەتایبەتی لەژێر ئەو گوشارانەی کە یانەکە لە چەندین بواردا رووبەڕووی دەبێتەوە.
 
مارکۆس راشفۆرد، کە بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە کامپ نوەوە کردووە، رووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە دەبێتەوە بۆ ئەوەی بەخێرایی لەگەڵ شێوازی یاری و داواکارییەکانی راهێنەر بگونجێت. سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە دەستەی هونەری پێیداوە، بەشێوەی چاوەڕوانکراو دەرنەکەوتووە، ئەمەش مشتومڕی لەنێو یانەکەدا سەبارەت بە داهاتووی ورووژاندووە.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا لە سەرەتاوە بەتەواوی دڵنیا نەبوو لەم گرێبەستە، بەڵام دوای شکستی هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی دیکە کە لە لیستی لە پێشینەدا بوون، ناچار بوو راشفۆرد بەخواستن بێنێت.
 
دیفێنسا سێنتڕاڵ باس لەوە دەکات کە هانزی فلیک دەیەوێت کۆتایی بەو خواستنە بێنیت و یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە مانچێستوەر یونایتد، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە گرێبەستەکەی بژاردەی کڕینی یەکجارەکی لەگەڵدایە بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام باشییەکە لەوەدایە کە مەرجێکی دیکەی تێدایە و بارسا بژاردەی کۆتاییهێنانی پێشوەختەی خواستنەکەی هەیە، بەڵام یانەکە ئەوکات ناچارە بڕی 5 ملیۆن یۆرۆ بداتە مانچێستەر یونایتد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە