رووداو دیجیتاڵ
دیک ئادڤۆکات، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " من بە تەنیا بڕیار دەدەم کە کام یاریزان بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشت دەکەم."
ئادڤۆکات لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی لوبنان گوتی " من بەتەنیا بڕیار دەدەم کە کێ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق و کێ دووردەخەمەوە، دەربارەی لیستی یاریزانانیش چەند شتێکم بیستووە، بەڵام من گرنگی بەمە نادەم."
دیک گوتی "پێویستە لەسەرمان چەند ناوێک بگۆڕین کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هەڵبژاردەکە یارییدەکەن، پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بدۆزینەوە و بێنینە پێشەوە."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " کۆمەڵەکەمان قورسە، ناتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت لە هەموو یارییەکدا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستدەهێنیت."
راهێنەرە هۆڵەندییەکە روویکردە رۆژنامەڤانان و گوتی " لە سێ رۆژدا ناتوانیت زۆر گۆڕانکاری بکەیت، ئێمە بەرامبەر کۆریای باشوور ئەنجامێکی ئەرێنیمان بەدەستهێنا، نامانەوێت ئەوەی بەرامبەر ئێران پێشکێشمانکرد دووبارە ببێتەوە، ئەوان یاریزانی زۆرباشیان هەیە کە دەتوانن جیاوازیی زۆر دروستبکەن، یاریزانی یانەکانی پۆرتۆ و زێنیت لە هەڵبژاردەکەدا یارییدەکەن."
دیک ئادڤۆکات زیاتر گوتی " پێویستە یاریزانەکان هەموو توانایەکیان لە یاریگەدا بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، هاوشێوەی ئەوەی کە بەرامبەر کۆریا کردمان."
لەلایەن خۆیەوە عەلی عەدنان، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " لەنێو یاریگەدا وەڵامی رەخنەکان دەدەینەوە، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر لوبنان و ئیماراتیش بدۆڕێین هەلی گەیشتنمان بە مۆندیال دەبێت."
عەدنان زیاتر گوتی " کۆمەڵەکەمان زۆر قورسە، ئێمە بەرامبەر باشترین هەڵبژاردەی ئاسیا کە ئێرانە دۆڕاوین، یاریزانەکان شایستەی ئەو هەموو رەخنەیە نین، لەکاتێکدا ئێمە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گرنگ و زەحمەتداین."
رۆژی پێنجشەممە کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق لە سێیەم یارییدا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەرامبەر هەڵبژاردەی لوبنان یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ