چارەنووسی یارییەکەی ئینتەرمیلان و بۆلۆنیا چی بەسەردێت؟

07-01-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی یارییەکەی نێوان ئینتەرمیلان و بۆلۆنیا لە خولی یانەکانی ئیتاڵیا دواخرا و نەکرا، یانەی ئینتەرمیلان داوای سێ خاڵی یارییەکە دەکات.
 
دوێنێ لە خولی یانەکانی ئیتاڵیا چوار یاری دواخران، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو، یارییەکەی بۆلۆنیا و ئینتەرمیلان بوو، کە یارییەکە لەسەر یاریگەی ریناتۆ دال ئارای تایبەت بە یانەی بۆلۆنیا دەکرا، بەڵام یانەی خاوەن ماڵ ئامادەی یارییەکە نەبوون و یانەی میوان کە ئینتەرمیلان بوون لە یاریگە بوون.
 
دوای تێپەڕینی نزیکەی کاژێرێک، ناوبژیوانی یارییەکە یارییەکەی بەفەرمی دواخست و هەڵی وەشاندەوە، چونکە یانەی میواندار نەهاتنە یاریگەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەپێی میدیاکانی ئیتاڵیا بێت نزیکەی نۆ یاریزانی یانەی بۆلۆنیا تووشی کۆرۆنا بوون و بەرپرسانی تەندروستیی ئەو شارەش دەستوەردانی کردووە و هەموو یاریزانەکانی بۆلۆنیای کەرەنتینە کردووە.
 
بێپێ مارۆتا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئینتەرمیلان بە میدیاکانی راگەیاند: دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و تێکەڵ و پێکەڵە، بەرپرسانی تەندروستی زۆر دەستوەردان دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان یاری دوادەخەن.
 
مارۆتا گوتیشی: لە یارییەکەی ئێمە و بۆلۆنیا ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یارییەکە ئامادەبوون و تەنانەت تێستی تەکنەلۆژیای هێڵی گۆڵەکانیشیان کرد، بەڵام نازانم بۆچی یانەی میواندار ئامادەنەبوون.
 
بەپێی یاساکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا، ئەو تیپەی ئامادەی یارییەکە نابێت بە دۆڕا و بە ئەنجامی 3-0 هەژماردەکرێت، سێ خاڵی یارییەکە دەدرێتە ئەو یانەیەی کە لە یاریگەدا ئامادەیە و خاڵێکیش لەو یانەیە کەمدەکرێتەوە کە ئامادەنابێت، بەمەش یانەی ئینتەرمیلان سێ خاڵی یارییەکەی پێدەدرێ، وەک چۆن یانەی یوڤێنتوس ساڵی رابردوو بەرامبەر ناپۆلی سێ خاڵی بۆ هەژمارکرا، بەڵام دواتر بەرپرسانی ناپۆلی پەڵپیان لە بڕیارەکە گرت و یارییەکە دووبارەکرایەوە.
 
جگە لە یارییەکەی ئینتەر و بۆلۆنیا، لە یارییەکانی رۆژی پێنچشەممەی خولی ئیتاڵیا سێ یاری دیکەش دواخران، کە یارییەکانی ئاتالانتا و تۆرینۆ، فیۆرێنتینا و ئودینێزی، سالێرنیتانا و ڤینیزیا بوون، هەموو ئەوانەش بەهۆی کەرەنتینەکردنی سەرجەم یاریزانەکان و رێگەنەدان بە گەشتکردنی یانەکان بوو لەلایەن بەرپرسانی تەندروستیی شار و هەرێمەکانەوە بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە