رووداو دیجیتاڵ
گەڕانەوەی جود بێلینگهام بۆ یاریگاکان نزیکبووەتەوە، پاشئەوەی ئەو یاریزانە نەشتەرگەریی لە شانیدا ئەنجامدا و بڕیاربوو تاوەکو مانگی دەی ئەمساڵ نەگەڕێتەوە، بەڵام سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن، ئەم هەفتەیە یاریزانە ئینگلیزییەکە بە تۆپەوە دەست بە راهێنانەکانی بکاتەوە و رەنگە بەشێوەیەکی نیمچەییش لەگەڵ تیپەکە بەشداربێت.
دوای پشوویەکی چوار رۆژی، ریال مەدرید رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست بە راهێنانەکانی دەکاتەوە و میدیاکان پێشبینی دەکەن، جود دوور لە هاوڕێکانی و لە هۆڵی مەشقدا، هێواش هێواش دەست بەمەشقکردن بکاتەوە.
یاریزانەکە هەست بە باشبوونێکی زۆر دەکات لە ماوەی وەرگرتنی چارەسەر و پەرۆشە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بگەڕێتەوە یاریگاکان.
ئەمە لە کاتێکدایە 54 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی بەهۆی دەرچوونی جومگەی شانی کە بەهۆیەوە یاریزانەکە ناچاربوو نەشتەرگەری بکات.
ریال مەدرید لە 9ـی مانگی 7ـی 2025 کۆتایی بە بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان هێنا و دوای یەک هەفتە، یاریزانە ئینگلیزییەکە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا، تا کۆتایی بە پێکانێک بهێنێت کە ماوەیەکی زۆرە پێوەی دەناڵێنێت. بڕیاربوو بێلینگهام بۆ ماوەی سێ مانگ دووربکەوێتەوە لە یاریگاکان، بەڵام بەپێی بۆچوونی پزیشکەکان رەنگە زووتر لەو ماوەی گەڕانەوەی بۆی دانراوە چاکببێتەوە.
بێلینگهام بەمنزییانە دەگەڕێتەوە و رزگاری دەبێت لەو پارێزەرەی شانەی کە پێشتر لە هەموو یارییەکان دەیبەست، ئەوەندە پەرۆشە بۆ یاریگاکان تا رادەیەک دکتۆرەکانی ناچارن رێگری لێبکەن تا پەلە نەکات لە گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان.
یانەکە دەیەوێت بێلینگهام بەبێ پەلەکردن بگەڕێتەوە یاریگاکان، کاتێک %100 ئامادە دەبێت. ریال مەدرید پلانی گەڕانەوەی بێلینگاامی بۆ ناوەڕاستی مانگی 10ـی 2025 داناوە و رەنگە یاریزانەکە کەمێک لەو وادەیە پێشتر بگەڕێتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ