رووداو دیجیتاڵ
سەڵاح حەسەن، یاریزانی تیپی خولی کوردستانی یانەی زاخۆ، بێزارە لە دواکەوتنی مووچەی یاریزانانی تیپەکەی و دەڵێت "یاریزانانی خولی عێراق مووچە وەردەگرن و ئەوانەی خولی کوردستان، وەری ناگرن".
تیپی زاخۆی خولی نایابی کوردستان لە 20ـی8ـی2025 دەستی بە مەشقەکانی کرد، بەڵام یانەکە بەردەوام کێشەی وەرگرتنی مووچەی هەبووە، تەنانەت یاریزانانی یانەکە لە هەفتەکانی رابردوودا بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانی یانەکەیان کردبوو.
سەڵاح حەسەن، مایسترۆی هێڵی ناوەندی یانەی زاخۆ، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "دوو گەڕ بەر لە ئێستا بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ، بڕیار بوو بەشداری نەکەین، بەڵام کاژێر 12:00ـی شەو نامەیان نارد کە یارییەکە بکەین، سەرەڕای ئەوەش مەشقمان ئەنجام نەدابوو، بەڵام هەر بردمانەوە، دوای یارییەکە مووچەی مانگی 10ـمان وەرگرت".
سەڵاح زیاتر روونیکردەوە "بەهەموو جۆرێک خزمەتی یانەکە دەکرێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێمەش پێمان خۆشە خزمەتی ئێمە بکرێت وەک خولی ئەستێرەکان، چونکە بەڕاستی حەزدەکەم خزمەتی ئەو یانە جوانە بکەم و یەکێکە لە باشترین تیپەکانی خولەکەش".
هەینی رابردووش، راهێنەری یانەکە بناڤ ئەحمەد، باسی کێشەکانی تیپەکەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد، ئەو دیوێکی دیکەی کێشەکانی باسکرد و گوتی "کێشەی یاریزانەکان بەلایەک، ئێمەی دەستەی هونەری یانەکە لە 20/8ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، تەنیا یەک مووچەمان وەرگرتووە، لەکاتێکدا مووچەی هەموومان ناگاتە مووچەی دوو یاریزانی خولی عێراقی".
کارگێڕیی یانەی زاخۆش بێدەنگ نین و ئەندامێکیان بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "یاریزان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر یاریزانان هەست بە بێتاقەتی دەکەن، پێویستە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چۆن پارە بۆ یاریزانانی خولی عێراقی خەرج دەکرێت، ئەو گەنجانەش حەقی خۆیانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".
زاخۆ بۆ ئەم وەرزە ئامانجی پلەکانی پێشەوەیە و بگرە نازناوی خولەکەشی گەرەکە، بەڵام بەهۆی کێشە داراییەکانەوە، تیپەکە لە کۆی شەش یارییدا تەنیا خاوەنی هەشت خاڵە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ