رووداو دیجیتاڵ
وادیارە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو، قەڵای یانەی بارسێلۆنا، بە چەند هۆکارێک بەرەو ئەوە دەچێت کە دەکرێت بە 'شکستێکی گەورە' وەسف بکرێت، بەجۆرێک هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە هەست دەکەن بەهۆی دواکەوتنی بەردەوام لە وادەی گەڕانەوە بۆ یاریگاکە، فریودراون.
سەرەڕای ئەوەی یانەکە هەندێک ناکۆکی لەگەڵ ئەنجوومەنی شاری بارسێلۆنا تێپەڕاندووە، بەڵام کێشەیەکی نوێ دەرکەوتووە کە لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی زیاتر، و ئەگەر هەیە یانەکە ناچار بکات دووبارە یاریگەکاتییەکەی بەجێبهێڵێت، چونکە پڕۆژەکە خۆی ساڵێکی تەواو لە وادەی دیاریکراوی دواکەوتووە و پێشبینی ناکرێت پێش کۆتاییەکانی 2027 یان سەرەتای 2028 تەواو ببێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ماوەی چاوەڕوانی بۆ هاندەران درێژ دەبێت.
کێشە گەورەکە لەوەدایە کە دانانی بنمیچە نوێیەکە، کە بڕیارە دوای نزیکەی ساڵێک و نیوی دیکە ئەنجام بدرێت، بە ئاڵۆزترین بەشی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دادەنرێت، کەواتە هێشتا خراپترین بەش لەڕووی سەختییە هونەرییەکانەوە نەهاتووە. لەبەر ئەم هۆکارە، کەسایەتییە دیارەکانی ناو یانەکە دەستیان کردووە بە قبوڵکردنی ئەگەری گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ یاریگای مۆنتجویک لە وەرزی 2027-2028.
ئەم ئەگەرە گورزێکی بەهێزە بۆ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە زۆر لە هاندەران لەراستیی دۆخەکە تێنەگەیشتوون، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم بڕیارە بە فەرمی دەدرێت؟ و لاپۆرتا چۆن بە ئەندامانی یانەکەی رادەگەیێنێت؟
تێچووی پڕۆژەی 'ئیسپای بارسا' گەیشتە چەند؟
تێچووی گشتیی پڕۆژەی 'ئیسپای بارسا' گەیشتە نزیکەی 1.5 ملیار یۆرۆ. سەرەڕای ئەم بڕە پارە زەبەلاحە، وادیارنییە کە چاکسازییەکان بەپێی پێویست ڕ روون و دیاربن.
بێگومان نۆژەنکردنەوەکە بەهۆی دۆخی مەترسیداری بیناسازیی یاریگەکەوە پێویست بوو، بەڵام ئەنجامەکان تاوەکو ئێستا لە ئاستی پێشبینییەکاندا نین.
چەندین ڤیدیۆ لە ئینتەرنێت بڵاوبوونەتەوە کە دۆخی شوێنی دانیشتنی هاندەرانی تیپە میوانەکان پیشان دەدەن و بە "شەرمهێنەر" وەسف کراون، و بەکردەیی ژمارەیەک لە هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید سکاڵایان لەو دۆخە نەگونجاوە کردووە لە کاتی دوایین سەردانیان بۆ کامپ نو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ