رێبوار محەممەد
لە شەوێکی پڕ رووداوی پێشبینینەکراودا لە جامی شای ئیسپانیا، بەر لە هەمووان ریال مەدرید ماڵئاوایی لە جامی شای ئیسپانیا کرد و بارساش هێندە بەرگەی نەگرت و هەمان رێچکەی مەدریدی گرتەبەر و لەگەڵ ئەواندا ڤالێنسیا و ڤیاڕیالیش هەمان تاڵاویان چەشت.
رووداوەکان چاوەڕێنەکراو بوون، چونکە بەر لەو شەوە ئەوەی پێشبینیدەکرا، سەرکەوتنی ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ڤالێنسیا و ڤیاڕیال بوون، لە کۆتاییدا گەورەکان بایبایان کرد و ئەوانە مانەوە کە هیچ پێشبینییەک لە بەرژەوەندییان نەبوو.
هەوادار و بینەری کورد، ئەمجارەش، هەرزانە دوای رووداوەکان کەوت و لەگەڵ چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لەسەردەستی سۆسیداد، هەندێک خۆیان پێنەگیرا و کەوتنە پەلاماردانی ریال مەدرید، چەندین پۆستی پڕ هێرش و سووکایەتی و هەرزەکارانەیان بڵاوکردەوە و دڵخۆش بوون بەو رووداوە، بەڵام لەبیریان چوو پاش کەمێک یانەکەی خۆیان کە بارسێلۆنایە، لە هەرێمی باسک یارییەکی زەحمەت چاوەڕێی دەکات و ئەوەی روویدا ئەوەبوو کە بارساش لەسەردەستی بلباو دەرکرا، ئیدی شاییەکە بۆ هاندەرانی بلوگرانا بووە شین.
هەڵوەستە لەسەر پەرچەکردارە خێرا و بێماناکانی هەندێک لە هاندەرانی کورد ناکەم، من پێشتر قسەی زۆرم لەسەر ئەو باسە کردووە و گوتومە بینەری ئێمە بەداخەوە ریال مەدرید و بارسێلۆنای کردووەتە نوێترین بیانوو بۆ پەلاماردان، سووکایەتی و جنێودان بەکەسانی دیکە.
دەچمەوە سەر کرۆکی بابەتەکە، ئەوەی لەو شەوەدا روویدا، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەو یانانەی چەندین ساڵە کۆنترۆڵی نازناوە ناوخۆییەکانی ئیسپانیان کردووە، ئاخر پارەی زۆر و نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکانی فرۆشتنەوەی مافی تەلەڤزیۆنیی بەسەر یانەکاندا (ریال مەدرید و بارسێلۆنا 80%) و (هەموو یانەکانی دیکە 20%)، وایکردبوو لە ئیسپانیا تەنیا مۆدێلی ئەو دوو زەبەلاحە بێت لە نازناوەکاندا و ئەوانیدیکە تەنیا تەماشاچییەکی مافخوراو بن.
ئەو نادادپەروەرییە، گلەیی زۆری لای یانەکانی دیکە دروستکردبوو، بەتایبەت لە چەند ساڵی نزیکی رابردوودا، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هەرچەندە لەژێر فشاری ریال و بارسادا، رازینەبوو گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنەوەی داهاتەکاندا بکات، بەڵام بەدانانی سیستمی نوێی جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا، بەشێکی لەو نادادپەروەرییە قەرەبووکردەوە کە لە لالیگادا هەیە.
سیستمی ئەمساڵی جامی شا کە تا چوارگۆشەی زێڕین یارییەکان تەنیا بەیەک قۆناخ و بەپێی تیروپشک دەبێت، وایکرد یانە ئاساییەکانی خولەکە هەست بکەن دەرفەتی سەرکەوتنیان زیاترە و هەموو وزە و توانای خۆیان لە یارییەکدا بەخەرج بدەن وەک ئەوەی لە شەوە مێژووییەکەی کۆتایی هەفتەی رابردوودا روویدا.
لە راستیدا ئیسپانیا بەهرە، یاریزان، راهێنەر و تیمی باش و ئاستبەرزی تێدایە، ئەزموونی ساڵانی رابردووی یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەکان ئەوەی سەلماندووە، بەڵام ئەوەی وایکردبوو تەنیا ریال و بارسا رووکاری لالیگا بن، نەفەسدرێژی ئەو دوو یانەیە و هاوکات ترسی یانە ئاساییەکان و نابەرابەریی هەلی یانەکان بوو لە خولەکەدا، لە هەمووش گرنگتر گیرفانی پڕی ئەو دووانە و بەتاڵی ئەوانیدیکە بوو.
ئێستا ئیدی ئەو باوە شکا و بچووکەکان پێشانیاندا دەتوانن گەورەکان سەراسیمە و بێبایەخ بکەن و دەردی گەورەیان بدەنێ، ئاخر کاتێک سۆسیداد یان بلباو یان هەر یانەیەکی دیکە دەزانێ بۆی هەیە لە 90 خولەکدا گەورەیەکی وەک بارسا، ریال، ئەتلەتیکۆ یان ڤالێنسیا بکاتە دەرەوە، ئیدی کورد گوتەنی خۆی دەخاتە سەر چەقۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەو بردنەوەیە.
ئەزموونی جامی سوپەری ئیسپانیاش کە ئەمساڵ بەشێوازێکی نوێ بەڕێوەچوو، هەلی زیاتری دایە یانەکان بۆ بەشداریکردن و دەرکەوتن لەو پاڵەوانیەتییەدا، لە راستیدا لەوانەیە ساڵی یەکەم ئەو هەلەی نەدابێتە یانە ئاساییەکان، بەڵام ساڵانی داهاتوو دەردەکەوێت کە ئەو شێوازە نوێیە خزمەتی یانە ئاساییەکان دەکات.
هەرچۆنێک بێت سیستمە نوێیەکە ملی گەورەکانی بردە بەر پەتی سێدارە، هەلی بەرچاویشی بۆ ئەوانیدیکە هێنایە سەر رێگا لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامی باشتر و بینینی خەونی گەورەتردا. ئەمە هەرچییەک بێت سەرەتای کۆتاییە بۆ ریال و بارسێلۆنا، ئەگەر ئەو دوو یانەیە لە داهاتووشدا کۆنترۆڵی ئەو نازناوانە بکەنەوە، لانی کەم لەوە تێگەیشتن چیدی رێگەکە هێندە گوڵڕێژ زۆرینەی ساڵەکان هەردوو نازناو لای ئەوان بمێنێتەوە.
لە داهاتوودا لەوانەیە سیستمەکە بەشێوەیەک هانی هەندێک یانەی ئاسایی بدات، هەر لەسەرەتای وەرزەوە جامی شا بکاتە ئامانجی سەرەکی خۆی و لەپێناویدا بە قورسی بجەنگێت و لە کۆتاییشدا پێی بگات. چونکە سیستمی نوێ، سەرەتای کۆتایی مۆنۆپۆڵ و باڵادەستیی رەهای گەورەکان بوو بەسەر نازناوەکاندا، کێ دەڵێ سیستمێکی نوێ زەنگی کۆتایی ئەو دووانە لە لالیگاشدا لێنادات؟ ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بیەوێ جارێکی دیکە وەڵام بە داواکاریی دژە نایەکسانییەکانی یانە ئاساییەکان بداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ