رووداو دیجیتاڵ
پێش رووبەڕووبوونەوە گرنگەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، میوانێکی نوێ بۆ نەخۆشخانەی ریال مەدرید زیاد دەبێت، کە پڕ بووە لە ئەستێرە؛ یانە شاهانەکە گیرۆدەی چەندین پێکان بووە و بەو هۆکارەوە لە قەیرانێکی گەورەدایە.
ستافی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، بەسەرۆکایەتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا رووبەڕووی کۆسپ بوونەتەوە لە دیاریکردنی پێکهاتەی کۆتایی هێڵی بەرگری پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر میوانەکەیان مانچێستەر سیتی، کە بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناغی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەبچێت.
بەپێی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەیە سەبارەت بە ئامادەیی جەستەیی ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکاری لای چەپ، ئەمەش وای لە راهێنەر کردووە بیر لەوە بکاتەوە جارێکی دیکە فێرلاند مێندی فەرەنسی لە سەرەتاوە بەشداری پێبکات، دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە یاریی سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بەئەنجامی 2-1 لە لالیگا بەشداری کرد.
کارێراس بەدەست ئازار لە قاچیدا دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەو لێدانەی لە یاری رابردوودا بەرامبەر خیتافی بەریکەوت، کاتێک یانەی شاهانە بەئەنجامی 0-1 تووشی شکست هات.
لە هەمان چوارچێوەدا، گومان لەسەر بەشداریکردنی دەیڤد ئالابای بەرگریکاری نەمساویش هەیە لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، لەکاتێکدا چەندین یاریزانی دیکەی ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە، کە دیارترینیان جود بێلینگهام، کیلیان ئێمباپێ و رۆدریگۆ گۆیسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ