هەواڵێک لە بەرازیلەوە ڤینیسیۆس شۆک دەکات

دوێنێ کاژێر 03:15
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیدواردۆ بیکسۆتۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راوێژکارە تایبەتەکەی ڤینسییۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تەقەی لێکرا و بەسەختی بریندار بوو، بەڵام لە مردن رزگاری بوو.
 
 ڤینیسیۆس هەواڵێکی شۆکهێنەری دەربارەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پێگەیشت، دوای ئەوەی لە بەرازیل رووبەڕووی هەوڵێکی دزی بووەوە و بەو هۆیەوە فیشەکی بەرکەوت.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئیدواردۆ بیکسۆتۆ، راوێژکاری وێنە و مارکێتینگی هەردوو یاریزانی بەرازیلی، فینیسیۆس جونیۆر و لوکاس پاکێتا ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەرازیلە بەهۆی ئەوەی فیشەک بەر سکی کەوتووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی روویداوە.
 
بیکسۆتۆ لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی "وەک کابوسێک وابوو، بەڵام تەنیا شەوێک بوو لە ریۆ. لە کاتی هەوڵێکی دزیکردندا فیشەک بەر سکم کەوت و ئێستا لە نەخۆشخانەم".
 
ئێستاپۆلیسی ریۆ دی جانیرۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکات و بەدوای ئەو دوو کەسە تاوانبارانەدا دەگەڕێت کە دوای هێرشەکە هەڵاتوون.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئۆ گڵۆبۆی بەرازیلی، بیکسۆتۆ لە درەنگانی شەوی هەینیدا سەرقاڵی شۆفێری بووە کاتێک رووداوەکە روویداوە. وادیارە مەبەستەکە تەنیا دزیکردن بووە، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ تەقەکردن و برینداربوونی راوێژکاری ئەو دوو ئەستێرەیەی تۆپی پێی لێکەوتووەتەوە.
 
بەپێی گوتەی شایەتحاڵێک، دوو کەسی چەکدار لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک بوونەتەوە کە بیکسۆتۆ و چەند کەسێکی دیکەی تێدابووە، بەمەبەستی دزینی مۆبایلەکانیان. کاتێک رووبەڕووی ئەو دۆخە بوونەتەوە، هیچ بەرگرییەکیان نەکردووە و مۆبایلەکانیان رادەستی دزەکان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دزەکان ئەوەیان دەستکەوتووە کە ویستوویانە، یەکێکیان دەمانچەکەی دەرهێناوە و تەقەی لێکردووە، پاشان دەستبەجێ هەڵاتوون.
 
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە راوێژکارەکەی ئەستێرەی ریال مەدرید لە نەخۆشخانەیەکی ریۆ دی جانیرۆ لەژێر چاودێریدایە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەهۆی رووداوەکەوە لە شۆکدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە