ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵ؛ جەنگەکە بۆ لەندەن گوازرایەوە

29 خولەک له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید - ئارسیناڵ چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ


لە یارییەکی پڕ لە تاکتیک و وریاییدا، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵ لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسان بوون و یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کە کێ دەگاتە یاریی کۆتایی بۆ یاریی گەڕانەوە لە لەندەن جێهێشت.
 
سەرەڕای گرنگیی یارییەکە، بەڵام جۆرێک لە ساردی بەسەر یارییەکەدا زاڵ بوو. گۆڵی یەکەمی یارییەکە لە دوایین ساتەکانی نیوەی یەکەمدا تۆمارکرا، کاتێک ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری ئارسیناڵ لە خولەکی 44ـدا توانی بە لێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتن بۆ تۆپچییەکان تۆمار بکات.
 
لە نیوەی دووەمدا ئاتلێتیکۆ مەدرید گوشاری بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی زیاد کرد، لە خولەکی 56ـدا جولیان ئەلڤارێز بە هەمان شێوە و لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامەکەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسان کردەوە.
 
وێڕای ئەوەی ئاتلێتیکۆ لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا باشتر بینرا و ئانتوان گریزمان تۆپێکی کێشا بە ستوونی گۆڵدا، بەڵام یارییەکە لە ئاستێکی سارددا مایەوە و هەوڵەکان بۆ گۆڵی سێیەم بێ ئاکام بوون. ئارسیناڵیش لە نیوەی دووەمدا زیاتر پشتی بە بەرگری بەست و توانی بە یەکسانبوون لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ دەرچێت.
 
پێش دەستپێکردنی یارییەکەش، گرژییەک لەنێوان هەردوو یانەدا هەبوو، دوای ئەوەی ستافی ئارسیناڵ سکاڵایان لای یوفا تۆمار کرد سەبارەت بە درێژیی گیای یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدرا.
 
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر یاریی گەڕانەوەن لە یاریگای ئیماراتس لە لەندەن، بۆ ئەوەی بزانرێت کام یانە بلیتەکەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەدەست دەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە