دی لافوێنتی بەردەوامە لە دژایەتیکردنی یاریزانانی بارسێلۆنا

08-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس دی لافوێنتی ئێریک گارسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

میدیاکانی کەتەلۆنیا جارێکی دیکە لویس دی لافوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەردەوامە لە دژایتیکردنی یاریزانانی بارسێلۆنا و دەڵێن "دی لافوێنتی هاندەری ریال مەدریدە و دژی بارسێلۆنایە، بۆیە دژایەتی یاریزانانی بارسا دەکەت، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی یاریزانە بەتواناکانی هەڵبژاردەکەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە یاری دەکەن و نهێنی بەهێزی تیپەکەینە، بەتایبەتی لامین یامال، پێدری، فێرمین لۆپێز و فێران تۆرێس".
 
لويس دی لافوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ناسراوە بەوەی کە خۆی بەدوور دەگرێت لە گۆڕینی پێکهاتەکانی و زیاتر حەزی لە پابەندبوونە بە شێوازێکی جێگیرەوە کە توانیویەتی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای پێ بەدەستبهێنێت. ئەم ستراتیژییە سەرکەوتووە ئێستا هەوڵدەدات لەڕێگەی هەمان ستراتیژی بگاتە مۆندیالی 2026 و تەنانەت جامەکەش بباتەوە، بەڵام ئەم پابەندییە لەوانەیە باج بە هەندێک یاریزان بدات، چونکە ژمارەیەک یاریزانی نایاب سەرەڕای ئەوەی شایستەی ئەوەن لەگەڵ هەڵبژاردەی لارۆخادا بن، دوورخراونەتەوە.
 
لەنێو ئەم یاریزانانەدا، ئێریک گارسیا هەیە، کە بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە، پەیوەندییەکی کتوپڕ لەلایەن دی لافوێنتییەوە بە بەرگریکاری لاوی بارساوەکراوە، کە تێیدا راشکاوانە پێیڕاگەیاندووە کە هۆکار و ئەگەرەکان بۆ بەشداریکردنی لە مۆندیالی داهاتوودا زۆر لاوازن، تەنیا لە حاڵەتە تایبەتییەکاندا وەک پێکان یان گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو لە پێکهاتەکەدا دەرفەتی پێدەدات بگەڕێەتوە ریزەکانی هەڵبژاردەکەی.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "دی لافوێنتی بە ئێرک گارسیا گوتووە تۆ باشترینی بارساش بیت، شوێنت لە پێکهاتەکەمادا نییە".
 
 ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە ئێریک ئێستا بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی بارسێلۆنا و یەکێک لە دیارترین یاریزانانی ئیسپانیا دادەنرێت.
 
ئاستی ئێریک گارسیا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە کۆمەڵێک توانا و لێهاتوویی جۆراوجۆری تێدایە، وەک متمانە بە پاسدان و هێرشبردن، و پتەوی لە رووبەڕووبوونەوە بەرگرییەکاندا، کە وایلێکردووە ببێتە یاریزانێکی دانەبڕاو لە تیپەکەیدا. لەگەڵ ئەوەشدا وادیارە ئەوە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی جێگیری دی لافوێنتی ناکات کە چانسەکانی بەشداریکردنی ئێریک لە مۆندیالدا کەم دەکاتەوە.
 
پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا بارودۆخەکە دی لافوێنتی ناچاردەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە؟ یان ئایا ئێریک سەرەڕای درەوشانەوەی ئاشکرای، لە دەرەوەی پلانەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەمێنێتەوە لە مۆندیالی 2026دا؟ هەموو شتێک پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لەناو هەڵبژاردەکەدا، چونکە هێشتا هیوای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆتاییدا ماوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە