رووداو دیجیتاڵ
یاری کلاسیکۆ لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا تەنیا رکابەریی ناو یاریگە نییە، بەڵکو بزوێنەری سەرەکیی ئابووریی هەردوو یانەکەیە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە یەک یاریی کلاسیکۆدا پێشتر بارسێلۆنا 13.8 ملیۆن یۆرۆ داهاتی هەبووە، کە ئەوە بەرزترین داهاتە لە مێژووی یانەکەدا بۆ یەک یاری تۆمارکرابێت.
ئەم داهاتە خەیاڵییەی کلاسیکۆ لە فرۆشتنی بلیت، خزمەتگوزارییە گرانبەهاکانی ناو یاریگە و چالاکییە بازرگانییەکان کۆدەکرێتەوە. پێشبینی دەکرێت بۆ یارییەکەی سبەی، داهاتی بارسێلۆنا لە نێوان 12 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ بێت، لە کاتێکدا داهاتی ریال مەدرید بۆ یەک یاریی کلاسیکۆ لە نێوان 8 بۆ 12 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، ئەم جیاوازییەش پەیوەندی بە سیستمی نرخ و شوێنی دانیشتنی هاندەرانەوە هەیە لە یاریگەکەدا.
ریال مەدرید لە رووی داراییەوە بە بەهێزترین یانەی ئەورووپا دادەنرێت و کۆی داهاتی ساڵانەی گەیشتووەتە 1.2 ملیار یۆرۆ. داهاتی یانە شاهانەکە لە پەخشی تەلەڤزیۆنی 316 ملیۆن یۆرۆیە و لە فرۆشی کاڵا و کارە بازرگانییەکانیشدا 568 ملیۆن یۆرۆ بەدەستدەهێنێت. لە بەرامبەردا، بارسێلۆنا خاوەنی داهاتێکی ساڵانەیە کە لە نێوان 980 بۆ 990 ملیۆن یۆرۆ دایە. هەرچەندە بارسێلۆنا لە دوایین راپۆرتی داراییدا 7 ملیۆن یۆرۆ زیانی هەبووە، بەڵام گەشەی داهاتە بازرگانییەکانی یانەکە نیشانەی باشبوونی دۆخی داراییەتی.
کلاسیکۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر داهاتی ساڵانەی هەردوو یانە هەیە، بە جۆرێک تەنیا ئەم یارییە 6%ـی کۆی داهاتی بلیتی ساڵانەی بارسێلۆنا و 4%ـی داهاتی ساڵانەی ریال مەدرید پێکدەهێنێت. نرخی بلیتی کلاسیکۆ دوو بۆ سێ ئەوەندەی یارییەکانی دیکەی لالیگایە و ئەمەش وایکردووە ببێتە گرانبەهاترین یاریی وەرز.
جگە لە داهاتی ناو یاریگە، کلاسیکۆ لە رووی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنییەوە لە جیهاندا زۆرترین بینەری هەیە. هەردوو یانە لە وەرزی 2024-2025 بڕی 158 ملیۆن یۆرۆیان لە مافی پەخشی لالیگا دەستکەوتووە. کۆمپانیاکانی سپۆنسەر و ریکلامیش بۆ ئەم یارییە تایبەتە، پارەیەکی زۆر زیاتر بە یانەکان دەدەن چونکە دەزانن چاوی ملیۆنان بینەر لەسەر شاشەکانە.
بڕیارە سبەی یاریی کلاسیکۆ لە کامپ نو لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی لالیگا بەڕێوەبچێت و هەردوو یانە بە تەواوی توانایانەوە بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەچنە ناو یاریگە. بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 88 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندی گرتووە و ریال مەدریدیش بە 77 خاڵ لە پلەی دووەم دێت. بارسێلۆنا بە بەدەستهێنانی تەنیا یەک خاڵ لە کلاسیکۆدا، بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی لالیگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ