رووداو دیجیتاڵ
خۆرخێ خیسوس، راهێنەری یانەی نەسڕی سعودی، لێدوانێکی ئاگرین دەربارەی جواو فیلیکسی هێرشبەری نوێی یانەکەی دەدات و دەڵێت "لە سعودیە کحول و ژیانی شەوانە نییە، بۆیە فیلیکس دەگەڕێتەوە ئاستی راستەقینەی خۆی".
یانەی نەسڕ لە گواستنەوە هاوینەدا، گرێبەستی لەگەڵ جواو فیلیکس واژۆکرد و لە یانەی چێڵسیی ئینگلیزییەوە گواستییەوە ریزەکانی.
فیلیکسی تەمەن 25 ساڵ، لەماوەی کاروانی وەرزشیدا بۆ چەندین یانەی گەورە یاریی کردووە؛ لە سەرووی هەموویانەوە بێنفیکای پۆرتوگالی، ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی، چێڵسیی ئینگلیزی و میلانی ئیتاڵی.
فیلیکس ئێستا لەگەڵ یانەی نەسڕ لە کەمپێکی راهێناندایە لە پۆرتوگال و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەشداری کرد لە بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر ریۆئاڤی پۆرتوگالی بەئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە هیچ.
خیسوس لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی پۆرتوگال سەبارەت بە جواو فیلیکس گوتی "فیلیکس بڕیارێکی دروستی داوە بە هاتنی بۆ یانەی نەسڕ".
هەروەها گوتی "لە سعودیە کحول و ژیانی شەوانە نییە؛ بۆیە هیچ هۆکارێک نابێت کاریگەری لەسەر هزری فیلیکس دابنێت، و پێویستە یاری بکات و بە بەهێزییەوە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی خۆی".
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "لێرە لەگەڵ نەسڕ یاری دەکات و پشوو دەدات و کات لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەیدا بەسەردەبات. من لە راهێنانەکاندا چاودێری دەکەم و هەموومان بیرۆکەیەکمان لەسەر تواناکانی هەیە".
لە کۆتاییدا خیسوس زیاتر گوتی "من بەپەرۆشم بۆ گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی لە تۆپی پێدا؛ ئاستی ئێستای زۆر کەمترە لەوەی کە دەتوانێت پێشکێشی بکات. من وای دەبینم کە ئەو بەهرەیەی هەیە ببێتە باشترین".
جواو فیلیکس تەنیا 3 گۆڵی لە 21 یارییدا بەدرێسی میلانی ئیتاڵییەوە تۆمارکردووە، هەروەها 11 گۆڵیشی لە 40 یارییدا لەگەڵ چێڵسی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ